هەسەدە لە سەرێ کانی کشایەوە
ھێزەکانی سوپای سووریای دیموکرات دوای بردنە دەرەوەی دوایین کاروانی کوژراوو برینداران سەرجەم لە شاری سەرێ کانی کشانەوە، .
به پیی راپورتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی (سبەی): ئاژانسەکانی سانای سوری و سپوتنیکی روسی وایان بڵا کردەوە کە؛ دوای بردنە دەرەوەی دوایین کاروانی کوژراوو برینداران و هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری سەرێ کانی، شەڕڤانانی هەسەدە بەرەو حەسەکە کشانەوە.
بە قسەی ئاژانسی فەرمیی هەواڵدەریی سوریا ؛ دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، تورکیا و گروپە چەکدارە جیهادییەکانی سەر بەو وڵاتە دەستیان بەسەر شاری سەرێ کانی باکوری حەسەکە و سەر سنوری تورکیادا گرتووە.
هەر ئەمڕۆ مانگی سوری کورد ئاشکرای کرد؛ بە هاوکاریی خاچی سوری نێودەوڵەتی تیمەکانیان چونەتە سەرێ کانی و (30) بریندار و تەرمی چوار کوژراویان لە نەخۆشخانەی سەرێ کانی دەربازکردوە و گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فەرمان لە قامیشلۆ.
پێشتریش مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند بوو: تورکیا رێگە بە دەربازبوونی برینداران و قوربانیان و هاوڵاتیانی مەدەنی نادات لە سەرێ کانی و رێگریشە لە کشانەوەی هێزەکانمان لەو شارە کە چەند رۆژێکە لە ژێر گەمارۆیەکی قورسی مرۆیی و سەربازیدایە.
سوپای تورکیا لە ڕۆژی چوارشەممە نۆھەمی ئۆکتۆبەرەوە لە ئەنجامی سەرشۆڕکردنی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ھەمبەر پێداگرییەکانی دەوڵەتی دادوگەشەی ئانکارا، بە بیانووی خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزم و پاکتاوکردنی سنوورەکانی نێوان سووریاو تورکیا لە شەڕڤانانی کورد ھەڵیکوتاوەتە سەر باکووری سووریا.