تشرینی یه‌که‌م 01, 2020 12:04 Asia/Tehran
  • نوێنەری سووریا خوازیاری کۆتایی ھاتنی داگیرکاریی زایونییەکان لە بەرزاییەکانی جۆلان بوو

«حیسامەددین ئاڵا» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە نووسینگەی ژێنێڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە جارێکی تر خوازیاری کۆتایی ھاتنی داگیرکرانی جۆلانی سووریا بوو لە لایەن ڕژێمی زایونییەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا «سانا»، «حیسامەددین ئاڵا» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە نووسینگەی ژێنێڤی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چل و پێنجەمین خولی دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە ژێنێڤ وتی: سەرباری بڕیارەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و دامەزراوە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە خوازیاری کۆتایی ھاتن بە داگیرکرانی جۆلانی سووریا بوو لە لایەن ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیلەوە بوونە، کەچی ئەم ڕژێمە ھێشتاش لە سەر کردارە نایاساییەکانی و سەپاندنی یاساکانی خۆی بە سەر جۆلانی داگیرکراوی سووریا بەردەوامە.

ناوبراو وێڕی ئیدانەکردنی بەردەوامیی شارۆچکە چێکردنەکانی ڕژێمی زایونی، وتیشی: کۆڵۆنیالیزم لە قەواخی شارۆچکەسازی، سیاسەتی تێکدان و کاول کردنی گوندوشارە داگیرکراوەکان، کۆچی زۆرەملیی دانیشتووانی ئەم شاروگوندانە بە مەبەستی دانانی شارۆچکە نشینەکان لە باتییاندا، بناغەی سیاسەتی ئیسرائیلی ھەر لە ھەمان ڕۆژی یەکەمی داگیرکارییەکانی لە فەلەستین و بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا پێکھێناوە.

سەرپەیڤ