ئاب 16, 2018 19:14 Asia/Tehran
  • کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئێران و ڕووسیا و تورکیا بەڕێوە دەچێت

وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا باسی پێکھاتنی بەستێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئێران و ڕووسیا و تورکیا لەتارانی کردووەو ڕایگەیاندووە کە: ئەم کۆبوونەوەیە سەرەتای مانگی سپتامبەر لە دەھەمەوە ھەتا نۆزدەی خەرمانانی داھاتوو بەڕێوە دەچێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، دیمیتری پسکوف وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە لە وتوێژێکدا لەگەڵ پەیامنێران جەختی کرد: بەرنامەی پێویست بۆ ئامادە بوونی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا لەو دانیشتنەدا خەریکە دادەڕێژرێت.

وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتیشی: دوای ئەوەی کە لە ڕێگای جۆربەجۆری دیپلۆماسییەوە بەرنامەی سەرکردەکانی ھەر سێ وڵاتەکە بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەدا ڕێککەوتنی لە سەر کرا، ئەوسا دەخرێتە بەر دەستی پەیامنێران.

ھەتاکوو ئێستا دوو دیداری سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیاو تورکیا لە چوارچێوەی دانوستانی سووریایی ئاستانە لە شارەکانی سوچی و ئەستەموڵ بەڕێوە چووە.

لەم دانیشتانەدا سەرکردەکانی ھەرسێ وڵاتەکە سەبارەت بە پرسە گرینگەکانی سووریاو ڕێگاکانی یارمەتی دانی ئەو وڵاتە بۆ کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکەی وتووێژیان کردووە. سێھەمین دانیشتن و کۆبوونەوەش لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاستانە بڕیارە لە تاراندا بەڕێوە بچێت.

دیمیتری پسکوف وتەبێژی سەرۆک کۆماری ڕووسیا  لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی دیکە کە بڕیار وایە بە بەشداریی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا، ئاڵمانیا، فەرانساو تورکیا لە مانگی سپتامبەر لە ئەستەموڵ بەڕێوە بچێت، وتی: بۆ زانیاری وەرگرتن لەم بارەیەوە دەبێ پرسیار لە لایەنی تورکیایی بکرێت.

ناوبراو وێڕای ھێنانە ئارای ئەم پرسیارەی کە ئایا بەتەمان من ببمە دەمڕاستی سەرۆک کۆماری تورکیا؟ وتیشی: وا باشترە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە سەردانی ھاوبەشە تورکەکانمان بکرێت و لەوان داوا بکەن کە زانیاری پێویست لەم پەیوەندییەدا بخەنە بەردەستی میدیاکان.

پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتبووی کە ڕۆژی حەوتەمی مانگی سپتامبەر لە ئەستەموڵ دا کۆبوونەوەی سەرکردەکانی تورکیا، ئاڵمانیا، ڕووسیاو فەرانسا بەڕێوە دەچێت.