شوبات 08, 2016 13:59 Asia/Tehran
  • ڕێزگرتن لە مامۆستا

سێیەمین مێهرەجانی بەیت و حەیران هاوکات لە گەڵ سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بە ڕێزگرتن لە مامۆستای فۆلکلۆری کوردی، مامۆستا "قالە شین" لە هۆڵی کۆمەڵەی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد بەڕێوەچوو.

بە پێی هەواڵی کوردپرێس، سێیەمین ڕیوڕەسمی بەیت و حەیران بە هەوڵی دامەزراوەی فەرهەنگی هونەری ئەدەبی موکریان مەهاباد، لە هۆڵی شانۆی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی، بە هاوکاری ئەنجومەنی شارەوانی و شارەوانی مەهاباد و ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی بەڕێوەچوو.

لەم ڕێوڕەسمەدا "قادر مورادی" بەڕێوەبەری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد وێڕای پیرۆزبایی کردنی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی و پێشوازی کردن لە بەشداری گەرم و گوڕی لایەنگرانی هونەر، بە ئاماژە نە پێگەی هونەرمەندانی هەڵکەوتوو وەک سەرمایەکانی کۆمەڵگا سپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هونەرمەند قادر وەستا برایمی ناسراو بە "قالە شین" مامۆستای هەڵکەوتەی بەیت و حەیرانی ناوچەی موکریانی کرد.

پاشان "سەلاح پایانیانی" نووسەر، لەبارەی مێژووی بەیت و حەیرانی کوردی و کارە هونەرییەکانی مامۆستا "قالە شین" بابەتێکی خوێندەوە و وتی: لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هونەرێکی باڵادەست و هونەرێکی ژێردەست بوونی هەیە، باڵام ناتوانین سنوورێک لە نێوان ئەم دوو هونەرەدا بکێشین. لە فەرهەنگ و وێژەی کوردیدا بە هۆی زاڵ بوونی ئەدەبیاتی زارەکی بە سەر ئەدەبیاتی نووسراوەدا، نابێ ڕۆڵی حەیران بێژ و بەیت خوێنەکان لەبەر چاو نەگیرێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: سڕینەوەی هونەری زارەکی کە کەسانێکی وەکوو مامۆستا "ڕەسوڵ نادری"، "قالە شین" و ... نوێنەرایەتی ئەم ڕەوتەیان کردووە، قەرەبوو ناکرێتەوە، لە ڕاستیدا میراتێکی گەورەی فۆلکلۆر، مێژوو، ئەدەبیات و سیاسەت لە ناو بەیت و حەیراندا بە هۆی دەنگی ئەم هەڵکەوتوانەوە بە ئێمە گەیشتوە.

لە درێژەدا چەند هونەرمەندێک لە مەهاباد، پیرانشار و شنۆ بەیت و حەیران و ئاوازی کوردیان پێشکەش کرد. "حەمە گڵێنانی" بە حەیران، "بەکر ئازڕوو بە حەیران و گۆرانی، "سیامەند ئامینەدار بە لاوک، دوو براش بە ناوەکانی "جەلیل و جەلال محەمەد پووری" بە سترانی کورمانجی و مقام هونەری خۆیان نواند.

لە کۆتاییدا سەلاح خزری بە حەیرانێکی مامۆستا قالە شین، سوپاسی مامۆستا و خێزانی کرد و وتی: "قالە شین" بەیت بێژێکی بە ناوبانگی ناوچەی موکریانە کە بە درێژایی چەندین ساڵ خەریکی کۆکردنەوەی بەیت و حەیرانی کوردی بووە.

سەلاح خزری خۆی بە شاگردی مامۆستا قالە شین زانی و سپاسی هەوڵ و خەباتی ئەم هونەرمەندەی کرد.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا گروپی "هەڵپەڕکێی سابڵاخ" بە سەرپەرشتی هیوا جاف هەڵپەڕکێیان پێشکەش کرد، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد، شارەوانی مەهاباد و هونەرمەند سەلاح خزری بە خەڵاتێک سپاسی مامۆستا قالە شینیان کرد.