جابری ئەنساری: هیچ وڵاتێک ناتوانێ بۆ گەلی سووریا چارەنووس دیاری بکات
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i306376-جابری_ئەنساری_هیچ_وڵاتێک_ناتوانێ_بۆ_گەلی_سووریا_چارەنووس_دیاری_بکات
یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: گەلانی ناوچە خاوەنی وڵاتەکانیانن و هیچ وڵاتێک ناتوانێ چارەنووسی گەلی سووریا دیاری بکات.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ئاب 28, 2017 12:34 Asia/Tehran
  • جابری ئەنساری: هیچ وڵاتێک ناتوانێ بۆ گەلی سووریا چارەنووس دیاری بکات

یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: گەلانی ناوچە خاوەنی وڵاتەکانیانن و هیچ وڵاتێک ناتوانێ چارەنووسی گەلی سووریا دیاری بکات.

حوسێن جابری ئەنساری یاریدەری عەرەبی و ئەفریقایی وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە پاش دیدار لەگەڵ ستێفان دی میستورا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا لەتاران، بە پەیامنێرانی وت: وتووێژەکان لەگەڵ دی میستورا لەچوارچێوەی ڕاوێژکاریی وڵاتانی کاریگەر لەڕەوتی چارەسەریی قەیرانی سووریا(ئێران، ڕووسیاو تورکیا) ئەنجامی گرت و بەم پێیە، نێوەڕاستەکانی مانگی سیپتەمبەری٢٠١٧ شەشەمین دانیشتنی جیهانی بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا لە شاری ئاستانەی پایتەختی قەزاقستان بەڕێوە دەچێ.

جابری ئەنساری وتی: بۆ بەڕێوەچوون و دیاریکرانی کاتی دانیشتنی جیهانیی ئاستانە خەریکی ڕاوێژکردن لەگەڵ سێ وڵاتی دەستەبەری هێنانەدی ئاشتەوایی لە سووریاین.

ناوبراو لەبارەی ئیدیعای کۆڕو نێوەندە زایۆنییەکان لەمەڕ هەوڵدانی ئێران بۆ دزەکردن نێو ناوچەو سووریا، پێی داگرت: ئێران لەسەرەتای قەیرانی سووریا و قەیرانەکانی ناوچە، سیاسەتێکی پاوەجێی گرتووەتە بەر بۆ کۆتایی هێنانی هەرچی خێراتری ئەو قەیرانانەو ئەوەی وا بۆ ئێران گرینگە، کۆتایی هێنان بە کارەساتی مرۆیی و کردنەوەی ئاسۆیەکی سیاسی بۆ یارمەتیدان بە لایەنەکانی تێوەگلاوی شەڕە.

ستێفان دی میستورا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریاش بەپەیامنێرانی وت: گۆڕانکاریی گرینگ لەواری سیاسی وسەربازی بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە سووریا ڕووی داوە.

دی میستورا وتی: لەدیدار لەگەڵ یاریدەری وزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئێستاو داهاتووی سووریا وتووێژی کردووەو یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی وتووێژە دووقۆڵییەکانی دانیشتنی داهاتووی ئاستانەیە.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ کاروباری سووریا هەروەها وتی: ئێران وڵاتێکی خاوەن دەسەڵات و کارتێکەرە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش لە گۆڕانکارییەکانی سووریا.