ڕۆحانی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ مورالس : لە پەرەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین پێشوازی دەکەین
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر هۆگریی ئێران بۆ پەرەی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکای لاتین وتیشی : تاران لە پەرەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ئەمریکای لاتین لە هەموو بوارەکان دا پێشوازی دەکات .
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆتەلەفزیۆن لە نیۆیۆرک، حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداری کردن لە حەفتا و دووەمین کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە نیۆیۆرک دایە ڕۆژی دووشەممە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێڤۆ مورالێس، هاوتای بولیویی خۆی ، هاوکاری وڵاتانی سەربەخۆی بۆ دەسڕاگەیشتن بە ئامانجی هاوبەش بە پێویست زانی و وتی : کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەرەی پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی ئەمریکای لاتین لە هەموو بوارەکاندا پێشوازی دەکات و ئەم وڵاتانە دەتوانن لەسەر دۆستایەتی و هاوکاریی ئێران حسێب بکەن .
سەرۆک کۆماری ئێران وتی : بۆ گەشەسەندن و بەهێزکردنی هەمە لایەنەی هاوکارییەکانی تاران و بولیوی هیچ بەرتەسکییەک لە ئارادا نییە و بەهێزکردنی ئەم پێوەندییە لە پێناو هۆگری و بەرژەوەندیی هەردووک نەتەوەیە .
روحانی لەگەڵ ئەوەی هیواداری دەربڕی لەبەڕێوە چوونی هەرچی خێراتری چوارەمین کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی ئابووری ئێران و بولیوی بە ئامانجی لێکدانەوەی گەڵاڵەکانی هاوکاری دوو وڵات وتی : ئێران و بولیوی وەک دوو وڵاتی خاوەن گاز لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەمریکای لاتین دەتوانن هاوکارییەکانیان لەم بوارەش دا پەرە پێ بدەن .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بە ئاماژەدان بە هەڵوێستی هاوبەشی ئێران و بولیوی لەبەرامبەر ئیستکبار وتی : ئەمریکییەکان هەموو ڕۆژێ گەڵاڵە و نەخشەیەکی نوێ بە دژی وڵاتانی ڕوولەگەشە دادەڕێژن کە هەڵبەت هەمووکاتیش بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە .
لە ناوچەی ئێمە سەرباری ئەوەی بەنیاز بوون لە تیرۆریزم بەشێوەی ئامرازیانە کەڵک وەرگرن بەڵام گەلانی ناوچەکە بەتایبەت گەلانی ئێراق و سوریا خەریکی شسکت دانی تیرۆریزم و ژیانی تیرۆریستان ڕوو لە کۆتا بوونە .
سەرۆکی بولیویش لەم دیدارەدا ئێرانی بە وڵاتێکی دۆست زانی و پێداگری کرد : بولیوی مکۆڕە لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکان .
ئێڤۆ مورالێس، وێڕای دووپاتکردنەوەی بانگێشتنی لە دوکتور ڕوحانی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرۆکانی وڵاتانی بەرهەم هێنەری گاز لە وڵاتەکەی وتی : ئامادە بوونی ئێوە لە کۆبوونەوەی ئۆپێکی گازی - هەڵگری ئەم پەیامە گرینگە دەبێت کە دۆستانی سەربەخۆ لە تەنیشت یەکتردان و هەروەها نیشاندەری بەهێزبوونی هاوکاریی قووڵی ئێران و بولیوییە.
سەرۆکی بولیوی هەروەها وێڕای شیکردنەوەی سیاسەتەکانی دوژمنکارانەی ئەمریکا لە جیهان بە تایبەتی لە ئەمریکای لاتین و بە ڕاگەیاندنی ئەمەی ئیستکبار بەنیازی لێک دابڕانی گەلانی هاوڕەوتە وتی : وڵاتانی سەربەخۆی جیهان لە بارودۆخی ئێستای جیهان دەبێ زۆرتر لە ڕابردوو لە یەک نیزیک ببنەوە و یەکگرتوو بجووڵێنەوە .