ڕۆحانی: ئەوەی پێشێلکردنی هەنگاوی هاوبەش دەست پێ بکات، لە ڕاستی دا ڕێگای تەریک خرانەوەی هەڵبژاردووە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە هەنگاوی هاوبەش ڕێککەوتنێکی دوو لایەنە نییە، ڕاشیگەیاند: ئەو وڵاتەی دەستپێکەری پێشێلکردنی هەنگاوی هاوبەش بێت، وێڕای بن پێ خستنی بەڵێنە مافەوانییەکانی، ڕێگای تەریک خرانەوەشی هەڵبژاردووە.
حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ نیۆیۆرک بۆ بەشداری کردن لە حەفتاودووهەمین کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ میدیا نێونەتەوەییەکان وەبیری هێنایەوە: گەلی ئەمریکاو ئەورووپییەکان لە هەوڵی واشێنگتۆن بۆ واز هێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج کۆ یەک پشتیوانی ناکەن.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئاماژەی کردە ئەدەبیات و شێوە ئاخاوتنی نەزانانەو بوختانە بێ ناوەڕۆکەکانی ڕۆژی سێ شەممەی دۆناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی نەتەوەی ئێران لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانیش و وتی: چاوەڕوانین داوای لێبوردن لە ئێران بکات.
بەڕێزی پێی داگرت ئەدەبیاتی نەزانانە، کرێت و ڕق لە دڵانەی سەرچاوە گرتوو لە زانیاریی هەڵەو بوختانگەلی بێ بنەمای ڕۆژی سێ شەممەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دژی گەلی ئێران لە کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان نەک هەر لە شان و شکۆی ئەم ڕێکخراوەیەدا نەبوو، بەڵکو لەگەڵ خواستی ئەمڕۆی تەواوی گەلانی بەشداری کۆبوونەوەکەش دا یەکی نەدەگرتەوە.
ڕۆحانی هەروەها سەبارەت بە تاوانکارییەکانی سوپاو بوزییەکانی میانماڕ دژی موسڵمانانی ڕوهینگیاش بە دەربڕینی ئەمەی کە لە میانماڕدا شایەتی پاکتاوکردنی ڕەگەزین وتیشی: ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشت دەبێ لەم بوارەدا بڕیارێکی دەستبەجێ بدەن.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەبارەت بە قەیرانەکەی یەمنیش وتی: جەماوەری ئەم وڵاتە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی بێ بەزەییانەی عەرەبستان و ئەو شاڵاوانە بوونەتە هۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشیی پڕمەترسی لەم وڵاتەدا.
ڕۆحانی ئاماژەشی کردە پشتگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و سووریاو لوبنان لە خەباتی دژی تیرۆریستان و بە هێنانە ئارای ئەمەی کە ئێران لە ڕیزی پێشەوەی خەباتی دژی تیرۆریزم و توندئاژۆیی مەزهەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دایە وتیشی: ئێران بە کردەوە ئەوەی پیشان داوە کە سوورە لە سەر خەباتی دژی تیرۆریزم و پشتگریی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە لە شەڕی دژی تیرۆریزم دا هەڵوێستێکی مرۆڤانەو ستراتژیکییە.
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: ئێران یارمەتیی ئێراق و سووریاو لوبنان و وڵاتانی دیکەی داوە هەتا بتوانن بە سەقام و ئاسایشت بگەن.