زەریف: بژاردەی سیاسی تەنیا ڕێگاچارەی قەیرانی سووریایە
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا بژاردەی چارەسەر کرانی قەیرانی سووریای بە ڕێگاچارەی سیاسی لە پێناو بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش زانی و وتی: بۆ هاتنە دیی ئەم ئامانجە هەموومان دەبێ بە ویست و ورەیەکی بەرز و پتەو ئەم راستییە بە دڵ و گیان بڕوا پێ بکەین.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "محەممەد جەواد زەریف" رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە مەبەستی لێکدانەوەی قەیرانی سووریا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوەچوو وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە لە سەر ئەو بڕوایە بووە کە چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا تەنیا بە ڕێگاچارەی سیاسی گونجاوە و بەس.
زەریف بە ئاماژە بەو پێشکەوتنانەی کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە بواری پێشگری بە پەرە سەندنی شەڕ و پێکدادان لە سووریا دەس کەوتووە و بە پێی ڕێککەوتننامەی دوایین کۆبوونەوەی ئاشتیانە، بوار خۆش بووە بۆ سەقامگیر بوونی چاوەدێرانی نێودەوڵەتی لەم وڵاتەدا، هیوای خواست کە هەوڵێکی زیاتر بدرێ لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانەوە لەم بوارەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئێران لێبڕاوانە خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕ و خەباتی بە کۆمەڵ دژ بە تیرۆریزم بووە و بڕوای ئەوەیە کە لەم بوارەدا هەنگاوی سەرکەوتوانەی زۆر هەڵگیراوە.