لاریجانی: ئەمریکا بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕوات
سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران، پەلەقاژەی واشێنگتۆن بۆ هەموار کردن یان ئەگەر پێی بکرێت هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بە هەرەس هاتوو زانی و وتیشی:ئەمریکییەکان بە ئاراستەیەکی هەڵەدا دەڕۆن.
عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە شیرازی باشووری ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە ئەورووپییەکانیش پەیمان شکاندنی ئەمریکا لە هەمبەر هەنگاوی هاوبەشیان پێ قەبووڵ ناکرێت، وتیشی: ئەورووپا سوورە لە سەر پاراستنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی.
فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لەم دواییەدا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە هەنگاوی هاوبەش ڕێککەوتنێکی دوولایەنە نییە، وتی: کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێ پێبەندی هەنگاوی هاوبەش بێت.
ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج کۆ یەک کە داگری وڵاتانی بریتانیا، فەرانسا، ڕووسیا، چین و ئەمریکاو ئاڵمانیایە، لە ژانویەی 2016ەوە چووەتە واری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەک ئەندامێکی ئەم تاقمە بەردەوام لە ڕاپەڕاندنی هەنگاوی هاوبەش دا پەیمانشکێنیی دەکات.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ترسناک ناوزەد کردووەو داوای هەڵوەشاندنەوەی کردووە، بەڵام جیهان نەیاری ئەو ڕوانگە دوژمنکارانەیەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.