ساڵحی : ڕێککەوتنی ناڤۆکی دانوستانی دووبارەی لە سەر ناکرێت
سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی ئێران جارێکی تر پێی داگرت: بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش دانوستانی دووبارەی لە سەر ناکرێت.
عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، تیشکی خستە سەر داخوازیی کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی ئەمریکی سەبارەت بە دانوستانی دوببارە لەبارەی ڕەهەندە تەکنیکییەکانی هەنگاوی هاوبەش و وتیشی: لایەنەکانی دیکە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران گەلێک جار پێیان لە سەر ئەوە داگرتووە کە هەنگاوی هاوبەش ئیدی دانوستانی دووبارەی لە سەر ناکرێت.
عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها سەبارەت بە کاردانەوەی ئێران لە هەمبەر واز هێنانی یەک لایەنەی ئەمریکا لە هەنگاوی هاوبەش وتیشی: ئەگەر بەس ئەمریکا واز لەم پەیمانە بێنێ، ئەوە دەبێت کۆڕی چاودێریی بەسەر هەنگاوی هاوبەش لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دا لەم بارەیەوە بڕیار بدات.
ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
عەلی ئەکبەری ساڵحی سەرۆکی ڕێکخراوەی وزەی ناڤۆکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ وتاردان لە کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئامالدی لە ڕۆم و دیدارو ڕاوێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئیتالیاو هەروەها بەسەر کردنەوەی دامەزراوە ناڤۆکییەکانی ئەم وڵاتە لە سەرووی شاندێکەوە سەردانی ئیتالیای کردووە.