سوڵتانیە: وازهێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی هەڵەیەکی مێژوویی ترەمپ دەبێت
عەلی ئەسغەر سوڵتانییە، نوێنەری پێشووی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ، واز هێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی لە لایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بە هەڵەیەکی مێژوویی زانی.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی هەواڵدەریی ئیرنا،عەلی ئەسغەر سوڵتانییە، نوێنەری پێشووی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێل پاییس لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی چەک داماڵینی ناڤۆکی لە شاری مادریدی ئەسپانیا ڕایگەیاند: بانگەشەی پێشێلکرانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی یان هەنگاوی هاوبەش لە هەل و مەرجێکدا لە لایەن ئەمریکاوە باسی دەکرێت و لەگەڵ داسەپێندرانی بایکۆتی تازەدا بەرەوڕوو دەبێتەوە کە ئێران شێلگیرانە پێبەندی ئەم ڕێککەوتنە بووە و جێبەجێی کردووە..
نوێنەری پێشووی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی وتیشی: پێشکەوتنی پسپۆڕانی ناڤۆکیی ئێران لە ڕووی گەشەپێدانی تەکنۆلۆژیای ناڤۆکی سەباری ئەو هەموو بایکۆتە ئابوورییە گەلێک بەرفراوان و جێگای سەرنجە، هەر لەبەر ئەمەش ئەگەر ئەمریکا کۆتایی بە ڕێککەوتنی هەنگاوی هاوبەش بێنێ، ئێرانیش دەستبەجێ دەتوانێ بگەڕێتەوە بۆ سەر بەرنامەی ناڤۆکییەکەی خۆی.
عەلی ئەسغەر سوڵتانییە، نوێنەری پێشووی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە بەرنامەی ناڤۆکییانەی ئێران بەردەوام ئاشتیانە بووە پێی داگرت: ئەو وڵاتانەی دیکە کە لەگەڵ ئێراندا دانوستانی ناڤۆکییان کردووە دەبێ دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەر وازهێنانی لە هەنگاوی هاوبەش تەریک خەنەوە.
نوێنەری پێشووی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی وتیشی: ئەمریکا لە بەر ئەو هەڵە مێژووییەی واتە پێشێلکردن و یان وازهێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە ئیدانە دەکرێت.
ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و گرووپی پێنج کۆ یەک بریتی لە وڵاتانی (ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانسا، ئەمریکا و ئەڵمان) لە ژانڤییەی ٢٠١٦ـەوە چووەتە واری جێبەجێ کرانەوە ، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا وەکوو یەکێک لە ئەندامانی گرووپی پێنج کۆ یەک بەردەوام لە سەر ڕێگای جێبەجێ کرانی ئەو ڕێککەوتنەدا تەگەرە دەنێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەردەوام بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتنی ناڤۆکیی وەک ڕێککەوتنێکی ترسناک وەسفکردووەو داوای تێکدانی دەکات، کەچی دنیا نەیاری ئەو هەنگاوەی سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.