تشرینی یه‌که‌م 14, 2017 11:22 Asia/Tehran
  • قاسمی: ترەمپ ئەمریکای خستووەتەنێو ڕێگای چوونەدەر لە کۆمەڵگای جیهانی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەسەرەتای بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە لەواری جیهانی گرتوویەتییە پێش، ئەو وڵاتەی خستووەتە نێو ڕەوتی چوونەدەر لە کۆمەڵگای جیهانی.

بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ شەممە لەوتووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی ئێران، بەئاماژە بە لێدوان و ئیدیعای گەمژانەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەدژ ئێران و بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام) وتی: ئەگەر ترەمپ کۆتایی بەو سیاسەتانە نەهێنێ و بیەوێ درێژە بەو ڕەوتەی بدات، دەبێ لەداهاتوودا چاوەڕوانی شوێنهاتەکانی وەها ڕەفتار و بڕیارگەلێک بێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوێنێ هەینی بەدووپات کردنەوەی تۆمەت پاڵدانە پڕووپووچەکانی ڕابردووی دژ بەگەلی ئێران و بە پشت ڕاست نەکردنەوەی پێبەندبوونی تاران بە ڕۆحی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(بەرجام)، ئیدیعای کرد ئێران داکۆکیی لە تیرۆریزم دەکاو سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی خستەنێو پێڕستی بایکۆت و گەمارۆی نوێ.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە بەرجام بەرەوڕووی کاردانەوەی ئاشکرای نوێنەری باڵای یەکێتی ئوروپا بۆوەو ئەوانە هەمووی پێشاندەری ئەوەیە کە کۆمەڵگای جیهانی ئەوەندە هاوتەریب نییە لەگەڵ سیاسەتەکانی ترەمپ.

فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا لەکاردانەوە بە وتاردانی ترەمپ سەبارەت بە بەرجام، پێی داگرت: بەرجام، ڕێککەوتنێکی دوولایەنە نییەو هیچ وڵاتێک ناتوانێ کۆتایی پێ بێنێ.

مۆگرینی وتیشی: یەکێتی ئوروپا لەتەنیشت گشت ئەندامانی کۆمەڵگای جیهانی ئەرکمەندە بە پاراستنی بەرجام لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو وڵاتانی پەیوەندیدار لەوان ئێران.

سەرپەیڤ