سەرلەشکر جەعفەری: بەسیج، هێمای خۆڕاگریی گەلی ئێران وئۆممەتی ئیسلامیی ناوچەیە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i315501-سەرلەشکر_جەعفەری_بەسیج_هێمای_خۆڕاگریی_گەلی_ئێران_وئۆممەتی_ئیسلامیی_ناوچەیە
فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەئاماژە بەوەی کە سەرکەوتنە مەزنەکانی ناوچە قەرزداری بەسیجە، وتی: بەسیجی جەماوەریی لە ئێران و هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز، بووە هۆی بەمۆدێل وەرگیرانی بەسیجی ئێران لای گەلانی ناوچە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 23, 2017 14:33 Asia/Tehran
  • سەرلەشکر جەعفەری: بەسیج، هێمای خۆڕاگریی گەلی ئێران وئۆممەتی ئیسلامیی ناوچەیە

فەرماندەری گشتیی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بەئاماژە بەوەی کە سەرکەوتنە مەزنەکانی ناوچە قەرزداری بەسیجە، وتی: بەسیجی جەماوەریی لە ئێران و هەشت ساڵ بەرەڤانی پیرۆز، بووە هۆی بەمۆدێل وەرگیرانی بەسیجی ئێران لای گەلانی ناوچە.

سەرلەشکر محەممەد عەلی جەعفەری سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەپرێس کۆنفرانسێک لەتاران و لە شیکردنەوەی بارودۆخی ناوچە، وتی: حیزبوڵڵای لوبنان ئەمڕۆ بە بەسیج، ئەمڕۆ خۆی لەهەمبەر ئیسرائیل دەپارێزێ و ئەگەر ئەو بەسیجە جەماوەرییە لە سووریا سەری نەگرتبا، ئەو وڵاتە چەند پارچە دەکرا.

فەرماندەری گشتیی سپا، بەئاماژە بەوەی کە تەنیا دەسەڵاتی داعش لەناوچە لەبەین چووە، وتی: داعش وەک گرووپێکی چەکداری و ژێرزەوینی لە وڵاتانی جۆربەجۆر بۆ وێنە ئەفغانستان ئامادەیە بۆیە بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێڕییەکانی لەبەرنامەی کاری سپادا هەیە.

ناوبراو هەروەها لەمەڕ ڕەوتی دوژمنکارانەی عەرەبستانی سەعوودی لەدژ ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، وتی: ئێران هەروا درێژە دەدا بە دانبەخۆداگرتن لەهەمبەر عەرەبستانی سەعوودی چونکە نایەوێ بەشداری بەرەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەعوودییەکان بێ بەڵکوو ڕایان دەسپێرێ دەست لەو کارانە هەڵبگرن چونکە بە هاتنەنێو بەرەی بەرەوڕووبوونەوەی شۆڕشی ئیسلامی، شوێنهاتی کردەکانیان دەبیننەوە.

فەرماندەری گشتیی سپا، بەئاماژە بەوەی کە هەڵایساندنی هەر شەڕێکی نوێ دەبێتە مایەی نەمانی رژیمی زایۆنیستی، وتی: زایۆنییەکان بەشێک لەتوانای بەرەی موقاوەمەیان لە شەڕەکانی٣٣و٢٢ڕۆژە دیتووەو ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەسەر بەرەی خۆڕاگری ، بەرەیەکی دیکە یارمەتی بەرەی موقاوەمە دەدا.

ناوبراو هەروەها لەبارەی لێدوانی ئەم دواییەی ڕۆژاواییەکان لەمەڕ توانای مووشەکیی ئێران، پێی داگرت: هەوڵی ڕۆژاوا لەوبارەوە بێ کەڵکە، چونکە ئێران بەهیچ لەونێک سەبارەت توانای مووشەکی و بەرەڤانیی خۆی دانوستان ناکا.

فەرماندەری گشتیی سپا، تەیاربوون بە چەک لەهەمبەر دوژمنی سوێندخواردووی گەلی لوبنان واتە ئیسرائیلی بە شووناسی حیزبوڵڵای لوبنان ناوبرد و وتی: حیزبوڵڵای لوبنان دەبێ بە باشترین چەکئامێر بۆ دابین کردنی ئاسایش تەیار بکرێ و ئەو پرسە، بۆ دانوستان ناشێ و هەموو خەڵکی لوبنان لە چەکی حیزبوڵڵا داکۆکی دەکەن.