قاسمی ڕوو لە وەزیری دەرەوەی بەحرەین: بچووکتر لەوەن کە سەبارەت بە ئێران بدوێن
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی یەکشەممە لە کاردانەوە بەرامبەر پەیامی تویتەری ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی بەحرەین سەبارەت بە سەرزەوین و حکومەتی ئێران نووسی : زۆر بچووکتر لەوەن کە بتانەوێ سەبارەت بە ئێرانی سەربەرز و خاوەن مێژوو و شاڕستانیەتی کۆن و بەشکۆ، قسە بکەن و بیروڕا دەرببڕن.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، بەهرام قاسمی ، بەڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێرانی خاوەن شارستانیەت بە خەڵکانی خاوەن مێژوو و ڕەسەن و بلیمەت، خاوەنی یەکێک لە بێ وێنەترین مێژووەکان، دیمۆکراسی و سەربەخۆترین وڵاتی ناوچەن، وتیشی : ئێران مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی ناکامی بەحرەین و توندڕەوانی دیکەیە کە هونەرێکیان جگە لە سەرکوت کردنی داواکاری زۆرینەی خەڵک و تاوانکاری بە دژی ئەوان ئەویش لە ژێر چاوەدێریی وڵاتانی دیکەی ناوچە، نییە .
خالد بن ئەحمەد ئالی خەلیفە، وەزیری دەرەوەی بەحرەین ئەم دواییە لە نێو تویتەکەی دا بەشێوەیەکی پڕکێشانە وێڕای دووپاتکردنەوەی ئیدیعای دژە ئێرانی نووسی : لەحاڵێکدا کە خەریکی بەرەنگار بوونەوەی مەترسی هەنووکەیی و ئاشکرای کۆماری ئیسلامیی (فاشیست)ین، نابێ لەبەر پرسە پەراوێزییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەمەقڕە بکەین .
بەحرەین لە چواردەی فڤرییەی ساڵی 2011ەوە شایەتی شۆڕشی جەماوەری بەدژی ڕژێمی ئالی خەلیفەیە.
خەڵکی بەحرەین داوای ئازادی، دامەزرانی داد و لابرانی هەڵاواردن و هاتنەسەرکاری نیزامێکی هەڵبژێردراو لە وڵاتەکەیانن بەڵام ڕژێمی ئالی خەلیفە بەیارمەتی هێزی سعودی و هێزی ئاسایشی ئیمارات کە بەناو هێزی سپەری جەزیرە لە بەحرەین سەقامیان گرتووە، ناڕەزایەتی جەماوەری لەم وڵاتە سەرکوت دەکەن .
ڕژێمی ئالی خەلیفە لە هاوپەیمانانی سەرەکیی ڕژێمی داگیرکەری قودس و ئەمریکا لە ناوچەیە .