شوبات 23, 2018 07:45 Asia/Tehran
  • عەراقچی: بەرەوڕووبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ  بەرجام، بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە

جێگری سیاسی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە لە وتووێژ لەگەڵ پەیامنێرانی ئێرانی لە لەندەن وتی : بەرەوڕووبوونەوەی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرنامەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی واتە بەرجام، بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەید عەباس عەراقچی ئاماژەی دایە هەوڵە بێ سەرەنجامەکانی ترەمپ بۆ لەناوبردنی ڕێککەوتننامەی ناڤۆکی  و وتیشی : ترەمپ دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا وادەی دابوو  ڕێککەوتنەکە بدڕێنێ  بەڵام  بە تێپەڕینی ساڵ و نیوێک لەسەرکەوتنەکەی ، هێشتا سەرکەوتوو نەبووە .

جێگری  وەزیری دەرەوە لە کاروباری سیاسیی ئێران ، ناسەرکەوتوویی ترەمپ لەم پێوەندییەی بەستەوە بە بەهێز بوونی ناوخۆیی و دەرەوەیی بەرجام و داکۆکییەک کە وڵاتانی ئەندامی بەرجام  و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییە دەیکەن و وتی : ئەمریکا لە جیهاندا تەریک کەوتوەتەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی  ئێران وتیشی : هەڵبەت گوشارەکانی ئەمریکا بۆسەر هەموو وڵاتانی ئەندامی بەرنامەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی، ئەم ڕێککەوتنەی  بەرەوڕووی دژواری کردووە بەڵام کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەوان  وڵاتانی ئەورووپی هەتائێستا هەڵوێستێکی شیاویان گرتبووە بەر  . 

عەراقچی هەروەها سەبارەت بە ڕوانگەی ئەورووپی بەرامبەر ئەو شتەی  واشینگتۆن بە کەم و کوڕییەکانی بەرجامی دەزانێ و قسەکانی ئەم دواییەی رێکس  تیلەرسون ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێکهێنانی  کارگرووپی  ئەورووپی  - ئەمریکی لەم پێوەندییە دا ، وتی :  ئەورووپیەکان پێکهێنانی کارگرووپێک ڕەت دەکەنەوە و ئیدیعا دەکەن وتووێژگەلێکیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لەبارەی بەرجامەوە ئەنجام داوە کە ئاساییە . 

 جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاروباری سیاسی   وتیشی :  پاراستنی  ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج و یەک  بەرپرسایەتی هاوبەشی هەموو وڵاتانی بەشداریکەر لە بەرجام و واوەترلەوەش  کۆمەڵگەی جیهانییە.

ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران و تاقمی پێنج و یەک  لە ژانیڤەری  ساڵی 2016ەوە جێبەجێ  کراوە.

ترەمپ هەمووکات بە پێچەوانەی هەڵوێستی لایەنەکانی دیکەی بەرجام،  ڕێککەوتنی هەوڵی هاوبەشی ناڤۆکی بە ڕێککەوتنێکی پڕمەترسی وەسف کردووە و داوای تێکدانی کردووە بەڵام جیهان نەیاری ئەم کارەی سەرۆکی ئەمریکایە.

سەرپەیڤ