ڕۆحانی: وەزش سۆز و خرۆش و تەندرووستی بە خەڵات دێنێ و دەبێتە هۆی لێک نزیک بوونەوەی گەلان
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: وەرزش دەبێتە هۆی تەندرووستی جەستە و دەروونی مرۆڤ و کاریگەرییەکی قووڵ دادەنێتە سەر پێوەندیی گەلان و لێک نزیکیان دەکاتەوە.
"حەسەن ڕۆحانی" ڕۆژی پێنجشەممە لە دیداری "جیانی ئینفانتینۆ" Gianni Infantino سەرۆکی فدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ (فیفا) لە تاران جەختی کرد: فیفا وەکوو بانترین ناوەندی نێودەوڵەتیی فوتباڵ و فدراسیۆنە ناوچەییەکان دەبێ بە وشیاری بجوڵێنەوە تا بانگەشەکان و پرسەکانی بەدەر لە وەرزش کاریگەری نەخاتە سەر وەرزش و گەلان لە بینینی یاری و ڕکابەرایەتی دڵخوازی لە یاریگەکانی وڵاتەکەیان بێوەری بن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: بە سەرنج دانی ئەوەی کە فوتباڵ تەواو سەرنج ڕاکێشە بۆ گەلان و بەتایبەت بۆ لاوان، فدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ دەتوانێ دەورێکی بەرچاو بگێڕێ لە لێک نزیک بوونەوە و پێوەندیی قووڵتری نێوان هەموو گەلان.
ڕۆحانی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: وەرزشی گشتی و پسپۆڕیی ئەمڕۆ لە ئێران ڕووی لە پێشەوەیە و ئەوەی کە تیمەهەڵبژاردەکانی ئێران لە لقە وەرزشییە جۆربەجۆرەکان لە ئاستی ڕکابەرایەتیی جیهانیدا خۆیان دەردەخەن، لەوان بەشداریی یانەی هەڵبژاردەی فوتباڵی ئێران لە هەموو ئاستێک لە ڕکابەرایەتیی ناوچەیی و جیهانیی ، جێی ڕەزامەندییە.
سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە هۆگریی و بەشداریی پڕ سۆز و خرۆشی ئافرەتان لە گۆڕەپانە جۆربەجۆرەکانی وەرزشی بەتایبەت فوتباڵ وتی: بەختەوەرانە ئەمڕۆکە ژنانی ئێرانی بە سۆز و خرۆشێکی زیاترەوە دێنە گۆرەپانە وەرزشییەکانەوە کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بکەینە چالاکیی ٢٣ هەزار ژنی وەرزشوان لە لقی فوتباڵدا.
"جیانی ئینفانتینۆ" Gianni Infantino سەرۆکی فدراسیۆنی جیهانیی فوتباڵ (فیفا)یش لەم دیدارەدا بە خۆشحاڵی دەربڕین لەوەی کە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران دیداری کردووە، وتی: فوتباڵ دەورێکی گرینگی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهاندا دەگێڕی و خەڵکی ئێران بەڕاستی یەکێک لە پڕسۆز و خرۆشترین هۆگرانی فوتباڵ لە جیهان دێنە ئەژمار.