ڕۆحانی: ساڵی ٩٦ ، ساڵی سەرکەوتنی گەلی ئێران و شکست بۆ دوژمنانی ئەم گەلە بوو
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دوژمنانی گەلی ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ بەرەوڕووی زۆر شکستێکی قورس بوونەوە.
"حەسەن ڕۆحانی" ڕۆژی یەکشەممە لە پەراوێزی دوایین کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیی لێژنەی دەوڵەت ئاماژەی کردە سەرکەوتنی سیاسەتە دەرەوەییەکانی ئێران و وتیشی: ناحەزانی ئێران لە مەسەلەی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشدا (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک) بەرەوڕووی زۆر شکستێکی قورس بوونەوە و هەموو جیهان بەرامبەر بە بانگەشەکانی ئەوان لەمەڕ پێبەند نەبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە ڕاوەستان.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە پشت راست کرانەوەی جێبەجی کرانی بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە لایەن ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە راشکاوانە رایگەیاند: کردەوەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بیانووی پڕمەترسی بوونی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و هەروەها مەسەلەی یەمەن ناکام مایەوە و واشینگتۆن کاردانەوەیەکی ئەرێنی وەرنەگرت.
ڕۆحانی بە ئاماژە بەوەی کە هەوڵەکانی ئەمریکا دژ بە قودس لە لایەن وڵاتانی دیکەی جیهانەوە ئیدانە و شەرمەزار دەکرێ وتیشی: ئێران گەورەترین گرووپی تیرۆریستیی ناسراو بە داعشی لە ناوچەکە بنەبڕ کرد و شکست هێنانی داعش خەڵاتی ئێران بۆ مرۆڤایەتی بوو کە لە ئاراستەی دامەزرانی ئاشتی و پاوەجێی لە ناوچەکە جێبەجێ کرا.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها وتی کە لە سەفەری داهاتوویدا بۆ کۆماری ئازەربایجان گرێبەستی ئاسنەڕێی ڕەشت _ ئاستارا یەکلا دەبێتەوە.