وەلایەتی : ئێران بە هەموو تواناوە بەرگری دەکات لە یەکپارچە مانەوەی خاکی سووریا
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کار و باری نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی جیهانیی رابوونی ئیسلامی جەختی کرد کە ئێران بە هەموو تواناوە بەرگری دەکات لە یەکپارچەیی خاک و دەسەلاتدارێتیی دەوڵەتی سووریا.
"عەلی ئەکبەر وەلایەتی" کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "القدس وجهتنا" (قودس ستراتژیی و ئامانجی ئێمە) سەردانی دیمەشقی پێتەختی سووریای کردووە، شەوی چوارشەممە لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران بە ئاماژە بە جەنایەتەکانی زایۆنییەکان دژ بە هێزە سووریاییەکان و بەرگریکارانی حەرەم لە فڕۆکەخانەی "تەیفوور"ی حومس رایگەیاند: ئەم جەنایەتە بێ گومان بێ وەڵام نامێنێتەوە.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کار و باری نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی جیهانیی رابوونی ئیسلامی وتی: راوێژکارانی سەربازی و بەرگریکارانی حەرەم ئێستایش هەر شان بە شانی گەل و دەوڵەتی سووریا دژ بە دوژمنانی ئۆمەتی ئیسلامی بەتایبەت ڕژێمی زایۆنی لە سووریا خەبات و خۆڕاگری دەکەن.
وەلایەتی بە پیرۆزبایی کردنی سەرکەوتنەکانی سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی لە غوتەی ڕۆژهەڵات وتیشی: ئەو سەرکەوتنانەی ئەمدواییە سوپای سووریا و هاوپەیمانەکانی لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی ڕیف دیمەشق بەدەستیان هێنا، یەکجار گرینگ بوو هەر ئەو مەسەلەیەش بۆتە هۆی تووڕەیی و زیز بوونی دوژمنان.
ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ کار و باری نێودەوڵەتی لە درێژەی قسەکانیدا وتی کە ئەو تووڕەییەی دوژمنان بەتایبەت ئەمریکاییەکان و زایۆنییەکان بووە هۆی ئەوەی تا ئەوان بە درۆ دەوڵەتی سووریا تۆمەتبار بکەن بەوەی کە چەکی شیمیایی لە شاری دوما بەکار هێناوە.
وەلایەتی وتی کە ئەم مەسەلەیە پیلانێکی شەیتانییە کە ئەمریکاییەکان زوو بە زوو دژ بە خەڵکی چەوساوەی سووریا بەکاری دێنن و دوایین جاریشی پەلاماری ئاسمانیی ڕژێمی داگیرکەری ئیسراییل بۆ سەر فڕۆکەخانەی "تەیفوور"ی حومس بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی جیهانیی رابوونی ئیسلامی وتی: دوژمنان بزانن کە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا نەیانتوانی لە سووریادا سەرکەوتن بە دەست بێنن و لە داهاتوویشدا ناتوانن بگەنە ئامانجە دزێوەکانیان لەم وڵاتە و ناوچەدا.
وەلایەتی بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "القدس وجهتنا" (قودس ستراتژیی و ئامانجی ئێمە) شەوی ڕابردوو گەیشتە دیمەشقی پێتەختی سووریا. ئەم کۆنفرانسە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی دارولئەسەدی دیمەشق بەڕێوە دەچێ.