پزشکیان: بەرگەگرتنی ئابووری بە بێ ئاسایش، بەردەوام نابێ
سەرۆک کۆماری ئێران بە پێداگری لەسەر پێویستی پێکهاتنی جیهانێکی هاوسەنگتر و گشتگیرتر وتیشی: ئەمڕۆ بریکس تەنیا چوارچێوەیەکی هاوکاری لە نێوان چەند وڵاتێکی ئابووری تازەپێگەیشتوو نییە، بەڵکو نیشانەی پەرەسەندنی خواستێکی ڕوولەپەرە لەسەر جیهانێکە کە تێیدا هیچ ناوەندێکی دەسەڵات مافی دیاریکردنی چارەنووسی ئەوانی دیکەی نەبێ.
مەسعوود پزشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لە هەژدەهەمین لوتکەی بریکس پلاسدا، بە ئاماژە بە تەوەری لوتکەکە، واتە “بەرگەگرتن، هاوکاری و بەردەوامی”، ڕایگەیاند: “هیچ وڵاتێک خۆی بە تەنیا توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهانی ئەمڕۆی نییە و بریکس دەبێ توانا پەرشوبڵاوەکانی وڵاتانی ڕوولەگەشەی جیهان بگۆڕێت بۆ پوتانسییەلی هاوبەش". سەرۆک کۆماری ئێران پشتبەستن لەڕادەبەدەر بە سیستەمە سنووردارە دارایی و بازرگانییەکانی بە هۆکاری لاوازی ئابوورییەکان لەبەرامبەر گوشاری سیاسی زانی و خوازیاری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە دراوی نیشتمانیی ولاتانی ئەندام و بەهێزکردنی بانکی گەشەپێدانی نوێی بریکس بوو. پزشکیان هەروەها بە پێداگری لەسەر پەیوەندی نێوان خۆڕاگری ئاسایش و بەرگەگرتنی ئابووری، باسی پێشهاتەکانی ناوچەکەشی کرد و ڕەخنەی گرت لە "دەسدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران" و جەختی کرد لە سەر پێویستیی پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە خەڵکی سڤیل و پێشگری بە کرانە ئامانجی ژێرخانی مەدەنی. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دۆخی غەززە و لوبنان کرد و داوای لە گرووپی بریکس کرد کە ڕۆڵێکی کاریگەرتر لە بواری داکۆکی کردنی سەروەری نیشتمانی، یەکپارچەیی خاک و قەدەغەکرانی ملهوڕی و پەلاماردانی وڵاتان بگێڕێت. . سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا توانای جیۆپۆلەتیکی، وزە و ترانزێتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک بنەمایەک بۆ پەرەپێدانی ڕێگاکانی بازرگانی و وزە لە نێوان ئەندامانی بریکس وەسف کرد. سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختیشی کرد: خۆڕاگری و بەرگەگرتن بەبێ هاوکاری بەردەوام نابێ، هاوکاری بەبێ دادپەروەری بەردەوام نابێ و دەوامهێنانیش بەبێ ئاشتی و ئاسایش گونجاو نابێ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی: هاوکات له گه ڵ ئەم سێ بنەمایە ، واته "بەرگەگرتن، هاوکاری و بەردەوامبوون"، "زانین و داهێنان"ـیش لە فەکتەرە گرینگ و یەکلاکەرەوەکان دێنە ئەژمار. بریکس دەبێ ئەو دڵنیاییە ببەخشێت بە وڵاتان کە زیرەکیی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای نوێ نەبنە ئامرازی زۆرەملێ نواندن و پاوانخوازنی، بەڵکوو ببنە ئامرازێک بۆ بەهێز و لێهاتوو کردنی گەلانی جیهان.