موحسین ڕەزایی : پەلاماری سەربازیی ئەمریکا بۆسەر سوریا، هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئابڕوی سەرۆکی ئەمریکا
سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی نیزامی ئێران، پەلاماری ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆسەر سوریای بە هەوڵێک بۆ پاراستنی ئابڕوی سەرۆکی ئەمریکا زانی .
بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەلعالەم، موحسین ڕەزایی سکرتێری ئەنجوومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندی ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر پەلاماری ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر خاکی سوریا وتی : ئەم پەلامارە بەرتەسکە، دوای شکستی تیرۆریستان لە حەڵەب و ئازاد کرانی تۆکمەوتەواوی غووتەی ڕۆژهەڵاتی ، قەرەبووی ناکامییەکانی ئەمریکا ناکاتەوە بەڵکوو نیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا بژاردەی سەربازیی کارتێکەری لە سوریا دا نییە .
ڕەزایی وتیشی هەڵوێستی بەبڕشتانەی ڕوسیا ، هاوڕێیی نەکردنی زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپی و ئەگەری زەبروێکەوتنی جیددی لە ئیسرائیل لە لایەن حیزبوڵڵاوە، زاڵ بوو بەسەر هەست وئیحساساتی دوناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا .
سکرتێری کۆگەی دیاریکردنی بەرژەوەندی نیزامی ئێران وتیشی : کاتی ئەوە گەیشتووە کە ترەمپ بیر لە ڕێگەچارەی سیاسی لە سوریا بکاتەوە چونکە درێژە پێدانی شەڕ لەم وڵاتە بە زیانی ئەمریکا و خەڵکی ناوچەیە.
لە درێژەی هەوڵی شەڕخوازانەی ئەمریکا ، بەیانی ڕۆژی شەممە چەندین بنکە لە سوریا بە بیانووی ڕووداوی شیمیایی ئیدیعاکراو لە شاری دومای غوتەی ڕۆژهەڵاتی ، کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکی و ئاسمانی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا.