بەیاننامەی ئەرتەشی ئێران بۆ ئیدانەکردنی پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا بۆسەر سوریا
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر سوریای ئیدانە کرد و ئەوەی لەبەر شکست و لاوازی ئیستکباری جیهانی وەسف کرد .
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پێداگری کرد : پەلاماری مووشەکیی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا بە بیانووی پڕوپووچی کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتی سوریا لە چەکی شیمیایی ، نموونەی ئاشکرای داکۆکی کردن و پشتیوانی کردن لە تاقمە تیرۆریستییەکانە.
ئەم بەیاننامەیە وتیشی : کاربەدەستانی ئەمریکا ئێستاکە ئیدیعای درۆیی کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتی سوریا لە چەکی شیمیاییان خستە ئاراوە کە بۆ خۆیان دابین کەری سەرەکی چەک بۆ کوشتنی خەڵکی یەمەن و لە هیچ تاوانکارییەک لە ئەفغانستان درێخی ناکەن .
سوپای ئێران لەم بەیاننامەیەدا وێڕای بێ ئەنجام زانینی پەلاماری سێ گۆشەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بۆسەر سوریا، ئەوەی لەبەر سەرکەوتن و پاوەجێیی بەرەی موقاومە و خەڵکی خۆڕاگری سوریا زانی کە جارێکی تر ڕواڵەتی نامرۆیی و خووخدەی دەستدرێژکارانە و دوور لە مەنتقی ئیستکبار بەسەرکردەیی دەوڵەتی ئەمریکای، خستە ڕوو .
ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها لەسەر وشیاری، هاوکاری و یەکگرتوویی موسوڵمانان و ئەرتەشەکانی ناوچە بە ئامانجی پەرەپێدان و بردنەسەری ئاستی دەسەڵاتی بەرگریکارانە لە بەرامبەر تیرۆریزم و لایەنگرانیان، پێداگری کرد .
ئەمریکا هاوڕێ لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا بەیانی ڕۆژی شەممە بە بیانووی پەلاماری شیمیایی لە دوومای سوریا، زۆرتر لە سەد مووشەکیان ناوە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا. ئەم تاوانکارییە بێ موڵەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجام بووە.