نیسان 26, 2018 11:31 Asia/Tehran
  • پێداگریی شەمخانی لەسەر گرتنەبەری ستراتژیای هاوبەشی نێوان ئێران و چین و ڕووسیا لەهەمبەر کردەکانی ئەمریکا

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەمیانەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ وەزیری ئاسایشی گشتیی چین وتی: هەڕەشەو گوڕەشەی ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا لە چین و ڕووسیاو ئێران و سزاسەپاندن بەسەر ئەو سێ وڵاتەدا گرتنەبەری ستراتژیایەکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەی هەمەلایەنەی ئەمریکای حاشاهەڵنەگر کردووە.

عەلی شەمخانی دوێنێ چوارشەممە لەدیدار لەگەڵ ژوو شینگ کان وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی چین لەپەراوێزی کۆبوونەوەی ئاسایشیی ڕووسیا لەشاری سوچی، وتی: ئەمریکا، ڕۆژاوا و هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەوان بە بیانووی کەڵک وەرگرتنی حکومەتی سووریا لە چەکی شیمیایی لەشاری دوما، وێڕای ئامادەبوون و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەو وڵاتە، داکۆکیان کرد لە ڕەوتی تیرۆریزمی تەکفیری لە سووریا.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بەئاماژە بە کردەکانی وڵاتانی لایەنگری تیرۆریزمی تەکفیریی داعش بۆ گواستنەوەی پاشماوەکانی ئەو ڕەوتە مەترسیدارە بۆ ئەفغانستان، وتی: بێتوو گرووپە تیرۆریستییەکان لە ئەفغانستان جێگیربکرێن، بێگومان سنوورەکانی ئێران، چین و ڕووسیا کە دراوسێی ئەو وڵاتەن بەرەوڕووی هەڕەشەو مەترسی دەبنەوە.

شەمخانی هەروەها پێی داگرت لەسەر پێویستیی هاوکاریی نزیکی ئێران، چین، ڕووسیا، پاکستان و ئەفغانستان بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تەشەنای تیرۆریزم لەناوچەدا و خوازیاری هەوڵی هاوبەشی هەواڵگری، ئاسایشی و پراکتیکی بوو بۆ ڕاگرتنی ڕەوتی گواستنەوەو ڕێکخستنەوەی گرووپە ڕەشەکوژەکان لە ئەفغانستان.

ژووشینگ کان وەزیری ئاسایشی گشتیی چینیش لەو چاوپێکەوتنەدا، وتی: ئەمریکا وەک وڵاتێک کە بەنهێنی داکۆکی دەکا لە هۆکارانی ناهێمنی لەناوچەدا، بەسەپاندنی سزا وگەمارۆ بەسەر ئێران، چین و ڕووسیا لەهەوڵی بەرتەسک کردنەوەو زەبر وەشاندن لەو سێ وڵاتەیە.

ناوبراو وتیشی: ئێران لە ستراتژیای نێودەوڵەتیی نوێی چیندا جێگەو شوێنێکی تایبەتی هەیەو دەم و دەزگە ئاسایشییەکانی دوو وڵات دەتوانن لەهێنانەدی ئیرادەی ڕێبەرانی دوو وڵات بۆ پەرەی پەیوەندییەکان دەورێکی کارو دیاریکەریان بێت.

سەرپەیڤ