قاسمی: بێتوو ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی بچێتەدەر، باجێکی قورس دەدا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بێتوو ئەمریکا لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش(ڕێککەوتنی ناڤۆکی) بکشێتەوە، باجێکی قورس دەدات.
بەپێی ڕاپۆری بەشی دەرەوە سنووریی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمرۆ دووشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی لەگەڵ پەیامنێرانی ناوخۆیی و دەرەوەیی لەبارەی داهاتووی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و چوونەدەری شیمانەیی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە، وتی: ڕێککەوتنی ناڤۆکی، تایبەتمەندیی تایبەت بەخۆی هەیەو چوونەدەر لێی، بەئاسانی مومکین نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەئاماژە بەوەی کە کاتی هاتنەسەر دەوری دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، پرسی چوونەدەر لەڕێککەوتنی ناڤۆکی لەئارادابووە، وتی: هەموو سێناریۆکان لەوبارەوە پێش بینی کراوەو بێگومان واشنگتۆن باجێکی قورس بۆ چوونەدەر لە هەنگاوی هاوبەش دەدات.
قاسمی وتی: ئەگەرچی پەیمان شکێنی ئەمریکا بابەتێکی نوێ نییە بەڵام چوونەدەری ئەو وڵاتە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، وێنەیەکی ئاشکراتری سیمای ئەوان دەخاتە ڕوو کە هیچ وڵاتێک ناتوانێ لە بەڵێنیی ئەمریکا دڵنیا بێت.
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران، پێی داگرت: ئێران، یەکەم وڵاتی پێشێلکەری ڕێککەوتنی ناڤۆکی نابێ ، ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەگەر لەداهاتوودا ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە بۆ کۆماری ئیسلامی هیچ بەرژەوەندیی و قازانجێکی نەبێ، لەبارەیەوە بڕیاردەدرێ.
قاسمی هەروەها بەڕەت کردنەوەی هەرچەشنە ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان ئێران و ئوروپا لەبارەی هەنگاوی هاوبەش، وتی: دانوستانەکانی ئەم دواییەی ڕۆم، درێژەی دانوستانی ئاسایشیی مونیخ لەنێوان ئێران و چوار وڵاتی ئوروپایی بوو بۆگەیشتن بەڕێکارێکی سیاسی سەبارەت بە قەیرانی یەمەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: قەیران لە یەمەن ، لە پرسە زۆر تاڵەکانی کۆمەڵگای جیهانییەو خەڵکی ستەملێکراوی ئەو وڵاتە گرفتاری دەسدرێژکاریی عەرەبستانن.
وتەبێژی دەزگەی دیپلۆماسیی ئێران، لە وەڵامدانەوە بە پرسیاری پەیامنێری بەشی دەرەوە سنووریی رادیۆ وتەلەفزیۆن لەبارەی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماتیکی مەغریب لەگەڵ ئێران، وتی: بانگەشە باسکراوەکانی کاربەدەستانی مەغریب لەبنەڕەتڕا درۆیەو هیچ هۆیەکی مەنتقی و ڕازیکەر بۆ بانگەسە باسکراوەکان لەئارادا نییە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وتی: وەزیری دەرەوەی مەغریب لەدیدار لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، هەندێ بابەتی هێنایەئاراوەو وەڵامی پێویستی وەرگرت، بانگەشەگەلێکی هەڵە کە پاش لێکدانەوەو تاووتوێکران، ئەو دڵنیاییە دەسخرا کە ئەو ئیدیعایانە هەڵەو درۆن و هیچ بەڵگەو سەنەدێک بۆیان لەئارادا نییە.