May 08, 2018 18:18 Asia/Tehran
  • شەمخانی : هەڵوەشانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەقازانجی ئەمریکا نابێ

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەڵوەشانی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەقازانجی ئەمریکا نابێ و لەهەمان کاتیش لەمەڕ پاوانخوازیی ئوروپا وریایی دا .

ئەمیر دەریاڤان عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەسەروبەندی ڕاگەیێندرانی ڕوانگەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ پێنج کۆیەک ناسراو بە بەرنامەی هەنگاوی هاوبەش، وتی: بێتوو ئەمریکا بەرەوڕووبوونەوەی ئێران دەس پێ بکات، کۆماری ئیسلامیی بێ دەنگ نابێت.

شەمخانی لە شیکردنەوەی کردەی شیمانەیی ترەمپ لەمەڕ ڕێککەوتنی ناڤۆکی پێی داگرت: واپێ دەچێ ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا، سەبارەت بە ڕێککەوتنی ناڤۆکی، سێ ستراتژیای هاوتەریب پێوشوێن بگرن.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ستراتژیای "کەم کرانی ئاستی بەرژەوەندییەکان بۆ ئێران، و ناکارامەیی کردنی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بۆ ئێران"، "وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕەوتی هەنگاوی هاوبەش" و "ستراتژیای خراب کردن و شێواندنی بەرجام"ی بە سێ ستراتژیای هاوتەریبی ئەمریکا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاند.

شەمخانی بەئاماژە بەوەی کە هەڵەی گەورەتری ئوروپاییەکان، هاوڕەوت بوونی ڕێژەیی لەگەڵ ستراتژیای دووهەمی ترەمپە، وتی: ئەو ئەگەرە لەئارادایە کە ترەمپ، دڵی بەو هاوڕەوتبوونە خۆش بکاو لەوتاردانی بۆ ڕاگەیاندنی ڕوانگەی خۆی، بەڕواڵەت مەودا بگرێ لە ستراتژیای سێهەم، بەڵام ئاشکرایەو ئەوان کەمتاکورت لەوە تێگەیشتوون کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوپەڕی شێلگیرییەوە لەهەمبەر ئەو ستراتژیایە خۆڕاگردەبێ و ڕادەوەستێ و هەرچەشنە زێدەخوازیی و ئیمتیازوەرگرتنی نوێ لەبەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی ، ڕەت دەکاتەوە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: دوورنایەتە بەرچاو ترەمپ، بێ لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەی ئوروپاییەکان، لە ڕاگەیاندنی ڕوانگەی خۆی ستراتژیای سێهەمیش دەس پێ بکا، هەرچەند کە ستراتژیای دووهەمیش سەرەنجام دەگاتە ئەو خاڵە، ئەگەر ڕێککەوتنی ناڤۆکی بەچوونەدەری ئەمریکا  لەبەین بچێ، بێگومان بەقازانجی ئەمریکا نابێ.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیارە ئەمڕۆ سێ شەممە کاژێر١٤ بەکاتی خۆجێی(٢٢:٣٠ بەکاتی تاران) هەڵوێستی حکومەتی ئەو وڵاتە لەبارەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی ڕابگەیێنێ.

ترەمپ لە سەردەمی ڕکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەمریکا تائێستا چەندین جار بەڵێنی دڕاندنی ڕێککەوتننامەکەی دا، بەڵام تائیستا نەیتوانیوە لەبەر کۆدەنگیی جیهانی لەمەڕ داکۆکی لەو ڕێککەوتنە، قسەی خۆی بەکردەوە جێ بەجێ بکات.

سەرپەیڤ