May 09, 2018 21:37 Asia/Tehran
  • کۆمەڵەی مودەڕڕسینی حەوزەی علمیەی قوم: لادانی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی گێرەشێوێنییەکی دیکەی ئەمریکایە

کۆمەڵەی مودەڕڕسینی حەوزەی علمیەی قوم لە باشووری تاران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە کاردانەوە بەرامبەر بە وازھێنانی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی پێی داگرت: ئەم ھەنگاوە دوژمنکارانەیەی ئەمریکا نمونەیەکی ھەڵکەوتەی دیکە لەمەڕ گێرەشێوێنی و دوژمنایەتیی دەوڵەتی پەیمان شکێنی ئەمریکا ئاشکرا دەکات و ئەزمونە مێژووییەکانی ئێرانیش پشڕاست و پتەوتر دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ھەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی مودەڕڕسینی حەوزەی علمیەی قوم دا ھاتووە: پرسی بەرەڤانی، توانایی موشەکی و پیشەسازیی ناڤۆکیی ئێران ھیچ پەیوەندییەکی بە شەڕخوازان و دڕندەکارانی بانگەشەکەری ئاشتی و دۆستایەتییەوە نییەو بەرپرسانی وڵات بەو پەڕی دەستەڵات و پشت بەستن بە کارامەیی ھێزی لاو، ڕێبازی پێشکەوتن و توانامەندی بەردەوام دەکەن.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێ شەممە بەکاتی خۆجێیی بە بانگەشەی بێ دەرەنجام بوونی بەرنامەی تۆکمەی ھەنگاوی ھاوبەش (بەرجام) و ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دیکەی دژی ئێران  فەرمانی کشانەوە لە ڕێککەوتننامەی ناڤۆکیی پێنج کۆ یەکی کە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوەکانیشەوە پەسەند کرا بوو، واژۆ کرد.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لەمەڕ وازھێنان لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی لە حاڵێکدایە کە ھەتاکو ئێستا گەلێک لە دەوڵەتانی جیھان بێجگە لە ڕژێمی زایونی و ئالی سەعود پشتگریی خۆیانیان بۆ ئەم ڕێککەوتننامە نێونەتەوەییە ڕاگەیاندووە.

سەرپەیڤ