محەممەد جەواد لاریجانی: ئێران ئیتر هیچ ئەرکێکی مافەوانی و یاسایی لەسەر نییە لەپێناو وەفاداربوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی
جێگری سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران بۆ بەشی کاروباری نێودەوڵەتی لەکاردانەوە بە چونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی پێنج کۆ یەک، وتی : کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیتر هیچ ئەرکێکی مافەوانیی و یاسایی لەسەر نییە لەپێناو وەفاداربوون بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی .
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ "محەممەد جەواد لاریجانی" جێگری سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران بۆ بەشی کاروباری نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری ناوەندیی مافی مرۆڤی ئێران وتیشی: بە چوونەدەری ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتیۆمی، بە شێوەی فەرمی لەم پەیمانە نێودەوڵەتییەدا بەڵێنشکێنی ڕووی دا، هەرچەن پێشتریش ئەمریکا بە بەڵێنشکێنییە بەربڵاوەکانی لەو پەیمانە هاتبوویە دەرەوە.
بەڕێوەبەری ناوەندیی مافی مرۆڤی ئێران راشکاوانە رایگەیاند: تەنانەت ئەو کاتەیش کە ئەمریکا بە شێوەی فەرمی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەهاتبوویە دەرەوە، کۆمپانییە بیانییەکان لەگەڵ ئێران زۆر بە پارێزەوە دەجوڵانەوە و بە هەنگاوی زۆر چکۆلە کاریان دەکرد و زۆربەی بانکە ئەورووپاییەکانیش هەر لەگەڵ ئێران کاریان نەدەکرد.
لاریجانی هەروەها سەبارەت بە کاردانەوەی بەرایی ئێران بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ بە شێوەی کاتی هەموو سیستەمەکانی چاوەدێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لەوان هێزی مرۆیی و هەروەها سیستەم و ئیمکاناتی ئێلێکترۆنیکیی هەڵپەسێرێ.
"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد؛ ئەو کردەوە یەکلایەنەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە پێنج وڵاتی دیکەی واژۆکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان داکۆکی و پشتیوانی خۆیان لەو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ڕاگەیاندووە.