پارلمانتارانی ئێران : با پێداچوونەوە بکرێ بە پەیوەندیەکانی وڵاتەکەمان لەگەڵ ئیمارات
نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران خوازیاری پێداچوونەوە بوون بە پەیوەندیەکانی تاران لەگەڵ ئیمارات .
بەپێی راپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، شەست نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لە کۆڕی ئەمڕۆ سێ شەممەدا، داوایان لە حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بە پەیوەندییەکانی تاران و ئیماراتدا بچێتەوە لەبەر هەڵوێست گرتنی ئەو وڵاتە لەدژ کۆماری ئیسلامیی ئێران و داکۆکی لە لێدوانی دوژمنکارانەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
ئەنوەر قرقاس وەزیری راوێژکار بۆ کاروباری دەرەوەی ئیمارات دوێشەو(دووشەممە) لەپەیجەکەی لە توئیتەردا داکۆکی کرد لە لێدوانە دژە ئێرانییەکانی مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاو بە ڕەوتێکی شیاوی زانی لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها پێیان داگرت لەسەر پێویستیی وەرگرتنی گەرەنتی پێویست لە یەکێتی ئوروپا، سەرۆک کۆماری فەڕانسە، سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز لەبارەی درێژەی مانەوە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی و جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە.