May 25, 2018 09:27 Asia/Tehran
  • نەجەفی: ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دیسان پێبەند بوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی پشت ڕاست کردەوە

باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی وتی: ڕاپۆرتی نوێی ئاژانس دیسان ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە کە کردەوە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوەتی لەگەڵ ڕێێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرانسا، ڕووسیام، چین و ئەڵمان) دێتەوە.

"ڕەزا نەجەفی" ڕۆژی پێنجشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنادا وتیشی: ئەم ڕاپۆرتە کە یازدەهەمین راپۆرتە لە ڕۆژی جێبەجێ کرانی ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە و دەیەمین ڕاپۆرتی وەرزانەیە بۆ ئەنجومەنی بڕیاردەران سەبارەت بە تاقیکرانەوەی جێبەجێ کرانی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، زۆر لە راپۆرتەکانی پێشووی ئاژانس دەچێ و گۆڕانکارییەکانی بریتین لە تۆمار کرانی گۆڕانکاریی تەکنیکی، بەردەوام بوونی تەگبیرەکانی نۆژەن و مۆدێڕن کردنەوەی ڕێئاکتۆری ئاوی قورسی لێکۆڵینەوەیی خەنداب، چالاکیی ڕێئاکتۆری توێژینەوەیی تاران و بەشەکانی دیکە بە پێی بەرنامەی درێژماوەی ڕاگەیەندراوی ئێران.

باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی راشیگەیاند: ئەم راپۆرتە دوایین راپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە جێبەجێ کرانی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نابێ بەڵام بێتوو لایەنە ئەورووپاییەکان نەتوانن گەرەنتیی پێویست بە ئێمە بدەن، ئەوە دوا ڕاپۆرتی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی بەم شێوازە دەبێ. ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانس لە کۆبوونەوەی وەرزانەی مانگی ژوەندا لە ڕۆژانی ٤ تا ٨ی ژوەن، پرس و بابەتی جۆربەجۆر لەوان ئەو راپۆرتە دەخاتە بەر باس و لێکدانەوە.

"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، فەرمانی چوونەدەری وڵاتەکەی لە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەشی دەرکرد. یەکێتیی ئەورووپا پاش ئەو کردەوەی ترەمپ، داکۆکیی لێبڕاوانە و خۆی لە بەردەوام بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆنی بە بێ ئەمریکا ڕاگەیاند و داوای لە ئێران کرد لەو ڕێککەوتنەدا بمێنێتەوە.

 

 

سەرپەیڤ