May 29, 2018 16:10 Asia/Tehran
  • یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران : بێتوو تاران زیاندیتووی سەرەکی بێ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە

یاریدەری ئابووریی وەزیری دەرەوەی ئێران بەئاماژە بە بوونی سێناریۆی جیاجیا بۆ درێژەی هاوکاریی لەگەڵ هاوبەشە بازرگانیەکان لەپاش چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی وتی: ئەگەر ئێران زیاندیتووی سەرەکیی ڕێککەوتنەکە بێ ئەوا لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەر.

"غولامڕەزا ئەنساری" ئەمڕۆ سێ شەممە لەکۆتایی سەفەری "مەحەممەد جەوادی زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هیند لەنێو پەیامنێراندا، بەئاماژە بەوەی کە ئوروپاییەکان، ڕووسیاو چین هەوڵی زۆر دەدەن ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام بکرێ، وتی: ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتن، لەهەمبەر بەڵێنیەکانیان لەو ڕێککەوتنە ئیرادەی جیددیان هەبێ، دەکرێ لەهەمبەر بڕیاری یەکلایەنەی ئەمریکادا ڕابوەستین.

ئەنساری وتی: بەسەرنجدان بە گرینگیی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتن، ئێران ئەو ڕێککەوتنە بەمەرجی پێبەندبوون و جێ بەجێ کرانی بەڵێنیەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە جگە لە ئەمریکا، دەپارێزێ.

یاریدەری ئابووریی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی داهاتووی هاوکاریی ئابووریی لەگەڵ هیند ، گەر ئێران لە ڕێککەوتن بکشێتەوە، وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بۆ خرابترین بارودۆخ ئامادە کردووەو ڕاوێژکاریی لەگەڵ وڵاتانی جۆربەجۆریش بەو هۆیە ئەنجام دەگرێ.

ناوبراو، بەئاماژە بەوەی کە هیند لەباری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی، وڵاتی دۆست و برادەری ئێرانە، وتی: هیندستانییەکان سوورن لەسەر پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش شێلگیرانە داکۆکی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کردو ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەتی هیندستان هیچ چەشنە بایکۆتێکی یەکلایەنە قەبووڵ ناکا.

مەحەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پاش ڕاوێژکاریی سیاسی و ئابووریی دوو ڕۆژەی لە دێهلی نوێ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە گەیشتە تاران.

سەرپەیڤ