شرۆڤەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئامانجەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران
حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی دووشەم لە گوتارێکی گرینگ لەمیانەی ڕێ و ڕەسمی سییەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئیمام خومەینی (رە) ، کە بەبەشداریی سەرۆکانی سێ دەزگەو بەرپرسانی وڵات و باڵیۆزو نوێنەرانی وڵاتانی بیانی بەڕێوە چوو، ئامانجەکانی دوژمنان لە دژایەتی کردنی گەلی ئێرانی بە وردی شی کردەوە.
وتەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی لە سەر چەن بابەتێک چڕ کرابوویەوە کە ئەمڕۆکە بۆ دەرباز بوون لەو کێشە و گرفتانە و بەرەنگاربوونەوەی پیلانگێرییەکانی دوژمنان، گرینگایەتییەکی ستراتژیکی هەیە.
دوژمنانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشەوە، ئامانجەکانیان تەرکیز کردۆتە سەر لاواز کردنی ئارمانجەکانی شۆڕش و تەگەرە نانەوە لە سەر ڕێگای پێشکەوتن و ئاسایشی ئێران؛ بەڵام نەیانتوانی بگەنە ئەو ئامانجانەیان. ئەمڕۆکەیش هەرچە نیزامی کۆماری ئیسلامی پێی ناوەتە چەلەمین ساڵی ژیانی خۆی، بەڵام ماک و ناوەڕۆکی ئامانجەکانی دوژمنانی هەر نەگۆڕدراوە و ئەوان تەنیا شێواز و پلانی نوێیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتۆتە بەر.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لەم بارەوە ئاماژەی دایە جم و جۆڵی دوژمنان لە پێناو لاواز کردنی خاڵە بەهێزەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەرزۆک کردنی بنەما و بنچینەی هێز و توانای گەلی ئێران.
حەزرەتی ئایەتووڵلا خامەنەیی ، ''پێشکەوتنە ئەتۆمییەکان"ی بە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکان و جێی شانازی تەکنۆلۆژیا و زانستی وڵات هێنایە ئەژمار و جەختی کرد: شارەزایی و لێهاتوویی زانستوەران و پسپۆڕانی لاوی وڵاتەکەمان لە بەرهەم هێنانی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ٢٠% لە کاتێکدا کە لایەنی بەرامبەر هەموو چەشنە شەرت و مەرجی بۆ دابین کردنی یۆرانیۆمی ٢٠% بۆ بەکارهێنانی پزشکی هێنابوویە ئاراوە، هێمای دەسەڵاتی زانستی و تەکنۆلۆژیایی و خاڵێکی بەهێزی نیشتمانییە کە شان و شکۆی وڵاتەکەمانی گەلێک بەرزتر کردەوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ، بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئەرکمەند کرد بەرامبەر بەوەی کە خێراتر بوار خۆش کەن بۆ گەیشتن بە ١٩٠ هەزار "سو" لە چوارچێوی ڕێکەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان).
سو(SWU) (Seperative Work Unit)، "لێکدراوی جیاکردنەوە" و یان بە واتایەکی دیکە ڕادەی خێرایی و توانای جیاکردنەوەی یۆرانیۆمی ٢٣٥ لە یۆرانیۆمی ٢٣٨ـە کە ڕادەی توانای سانتریفیوژێک لە جیا کردنەوە نیشان دەدات.
"توانای مووشەکی"یش لە خاڵە بەهێزەکانی دیکە و بوارچێکەر بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمانە. بێ گومان هیچ وڵاتێکی سەربەخۆ ئیزنی خۆوەردان لەم مەسەلە و دیاری کردنی چارەنووسی خۆی بە کەسانی دیکە نادات. وتەکانی دوێنێی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕو لە ژمارێک کاربەدەستی ئەورووپایی ئاماژە هەربەو خاڵەیە. ئەو بەڕێزە فەرمووی: وێدەچێ ئەوم دەوڵەتانە بەتەمان گەلی ئێران هەم تەحەمولی هەموو ئەو بایکۆتانە بکات، هەم واز لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بێنێ کە پێداویستیی حاشاهەڵنەگری داهاتووی ئێرانە و هەم ئەو بەرتەسکیانەی بۆ ئێران دیاری کراوە قەبووڵ بکات، بەڵام ئەوانە دەبێ بزانن کە ئەو خەونە ئاڵۆزەیان هەرگیز نایەتە دی.
مەسەلەیەکی گرینگی دیکە کە بێ گومان یەکێک لە شاندەرەکانی خاڵە بەهێزەکانی نیزام و سەلمێنەری بەها ئینقلابییەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامییە، ئامادە بوونی چالاکانە و کارتێکەری ئێران لە پاراستنی ئاسایش و هێوریی ناوچەکە و بەرگری لە مافەکانی گەلی چەوساوەی فەلەستینە کە پیشاندەری دادخوازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دژایەتی کردنی زوڵم و زۆرە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا و لە هەموو ساڵانی خۆڕاگری و بەرخۆدان بەرامبەر بە زلهێزانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا سەری دانەنواند و ئیستایش کە ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران ڕاوەستاوە، گەلی ئێران بە ویست و ورەیەکی بەرزەوە ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەموو پیلانگێرییەکانی ئەمریکایە.
بە واتای قسەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، زۆر بوونی ئەو هەڕەشە و گوڕەشەیە پیشاندەری هێز و دەسەڵاتی بەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ، هێز و دەسەلاتێکی بەرفرەوانی نەبوایە، ناحەزانی گەلی ئێران ئەوەندە بە تووڕەیی و ڕق و دوژمنایەتییەوە خۆیان لە ئاو و ئاور نەدەدا بۆ ئەوەی زەبر لە ئێران بدەن.
گەلی ئێران بە ئامادە بوونی بەشکۆی خۆی لە ڕۆژانێکی گەورە و کاریگەری وەک ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس، ئەو خاڵە بەهێزانەی هەموو ساڵێ تۆختر لە ڕابردوو دەخاتە بەرچاوی دوژمنانیەوە و ئەوەیان پێ دەسەلمێنێ هەرگیز لە هەڕەشە و گوڕەشەکانیان نەترساوە و ناترسێ و تا هەتایە بەرامبەر بە دوژمنانی کەمتەرخەم و بێ دەسەڵات نابێ و بەردەوام بە وشیارییەوە دەجوڵێتەوە.