ڕووسیا پێبەند دەمێنێتەوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا دیسان جەختی کرد لە سەر پێبەند بوونی ئەم وڵاتە بە بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش (ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران).
بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە گەڕانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ئەوەندە پتەوە کە لایەنەکانی توانای ئەوەیان هەیە زاڵ بن بە سەر کێشە و دژوارییەکانی ئێستا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دیسان جەختی کرد لە سەر پێبەند بوونی وڵاتەکەی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و راشیگەیاند مۆسکۆ هەموو توانای خۆی بە کار دێنێ بۆ پاراستن و جێبەجێ کرانی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش.
لەم بەیاننامەیەدا هەروەها هاتووە ڕووسیا خەریکی گرتنەبەر و جێبەجێ کردنی هەندێ تەگبیر لە ئاستی نیشتمانیدایە بۆ داکۆکی لە هاوکاریی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ ئێران و هەروەها درێژە دەدات بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە بەرپرسەکانی دیکە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بۆ ئەوەی بڕیاڕیکی بە کۆمەڵ بدرێ بۆ پاراستن و بەهێزتر کردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و هاوکاریی دراوی لەگەڵ ئێران بە پێی بڕیارەکانی نێو بەیاننامەی شەشەمی ژولایی کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی هاوبەشی بەرنامەی تۆکمەی هەنگاوی هاوبەش.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا جەختی کرد ؛ ئەوە سەلمێندراوە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پەیمانێکی کاریگەر بووە و پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش ئەو بابەتە پشت ڕاست دەکاتەوە.
دەوڵەتی ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ بە بانگەشەی بێ دەسکەوت بوونی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک )ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) و هێنانە ئارای ژمارێک تۆمەتی بێ بنەما دژ بە ئێران، بە شێوەی یەکلایەنە لەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە چووە دەرەوە و ڕایگەیاند کە بایکۆتە ئەتۆمییەکانلە ماوەی ٣ تا ٦ مانگی داهاتوودا سەر لە نوێ بە سەر ئێران دادەسەپێندرێنەوە. هەنگاوێک کە بەرەو ڕووی نەیارەتیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت هاوپەیمانانی ئەورووپایی ئەمریکا بوویەوە.