عێراقچی : میکانیزمی دراڤیی ئوروپا لەگەڵ ئێران بۆ وڵاتانی دیکەش شیاو و گونجاوە
یاریدەری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: میکانیزمی دراڤیی یەکێتی ئوروپا بۆ ئاڵووێری دراڤیی لەگەڵ ئێراندا، دەتوانێ لەلایەن وڵاتانی دیکەشەوە کەڵکی لێ وەربگیردرێ.
"عەبباس عێراقچی" ئەمڕۆ دووشەممە لە دیمانە لەگەڵ هەواڵدەریی ڕیانۆڤستی ڕووسیا، بەئاماژە بەوەی کە هەندێ لایەن هەوڵ دەدەن پێش بگرن بە دەسپێکرانی میکانیزمی دراڤی ئوروپا لەگەڵ ئێراندا و تەگەرەش دەخەنەبەردەم ئەو ڕەوتە ، هیوای خواست: میکانیزمی دراڤیی ئێران وئوروپا هەتا پێش جێ بەجێ کرانی هەگبەی نوێی ئابلۆقەکانی ئەمریکا بەدژ ئێران لەمانگی نۆڤمبەر کەڵکی لێ وەربگیردرێ.
عێراقچی هەروها بەئاماژە بە هەوڵی ئەمریکا بۆ بێ بەش کردنی ئێران لە فرۆشی نەوت، وتی: ئابلۆقە نوێکانی ئەمریکا لەدژ ئێران کارتێکەریی جیددی دەبێ لەسەر نرخی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
یاریدەری سیاسی وەزیری دەرەوەی ئێران بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە هەموو وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس دەخوازن نەوتی بەرهەم هێناوی خۆیان بفرۆشن و جیهان پێویستی بەنەوت و وزەی ناوچە هەیە، وتی: ئێران لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ هێنانەدی میکانیزمی دووقۆڵیی فرۆشی نەوت هەوڵ دەداو ئیمکانی هێنانەدی سیستەمێکی هاوشێوەی سوییفت بۆ بازدان بەسەر ئابلۆقەکانی ئەمریکا تاووتوێ دەکرێ.
ئەمریکا بەچوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، جارێکی دیکە ئابلۆقەی بەسەر ئێراندا سەپاندو هەڕەشەی کرد، هەر وڵاتێک کە درێژە بدات بەکڕینی نەوت لە ئێران، بایکۆتی دەکات.
ئەو کردەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ نەیارەتی یەکێتی ئوروپاو وڵاتانی دیکەی ئیمزاکەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرەوڕوو بوو.
"فدریکا مۆگرینی" بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئوروپا ئەم بەینە ڕایگەیاند، میکانیزمێکی تایبەت ئامادە دەکرێ بۆ درێژەی هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێران هەتا پێش مانگی نۆڤمبەر.
سیستەمی ناسراو بە"ئێس پی ڤی" بەئامانجی درێژەی هاوکاریی بازرگانی یەکێتی ئوروپا لەگەڵ ئێران تەنانەت سەرباری ئابلۆقەو گەمارۆکانی ئەمریکا، داڕێژراوە.