زەریف: ئەوە بۆ یەکەمجارە کە ئەورووپا بەنیازی بەرپەرچ دانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکایە
وەزیری کاروباری ئەرەوەی ئێران وتی: ئەوە بۆ یەکەمجارە کە ئەورووپیەکان نەک ھەر دژی سیاسەتی ئەمریکا ڕاوبۆچوونی خۆیان دەر دەبڕن بەڵکو بەنیازی قەرەبوو کردنەوەی بایکۆتەکانیشن.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، موحەممەد جەوادی زەریف لە وتووێژێکدا لەگەڵ پەیامنێری کەناڵی سی بی ئێس کە سەردانی تارانی کردووەو ڕۆژی دووشەممە بڵاو بووەوە، سەبارەت بە گەڵاڵەکەی ئەورووپا لەمەڕ بەھرەوەرگرتنی ئێران لە قازانجەکانی ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام ڕایگەیاند: ئەورووپییەکان بەدووی پەرە پێ دانی ڕەوتێکن کە بایکۆتەکانی ئەمریکا ڕابگرێت و یاخود قەرەبوویان کاتەوە.
زەریف لە بارەی کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام و داسەپێندرانەوەی بایکۆتەکانیش وتی: ئەمریکییەکان خوویان بە بایکۆتەوە گرتووەو باوەڕیان وایە کە بایکۆت دەتوانێ تەواوی گرفتەکانیان چارەسەر بکات، بەڵام لە ڕاستی دا ئاوا نییە.
وەزیری کاروباری ئەرەوەی ئێران وتیشی: دوو ساڵ و نیوی ڕەبەقمان بە دانوستان لەگەڵ ھێزە گەورەکاندا بۆ ئەوە نەداوەتە سەر کە ڕێککەوتنێک پێک بێت و بە ئاسانی وازی لێ بێنین ، چونکو لەوە دڵنیاین ڕێککەوتنێکی لەمە باشتر ناکرێت.
وەزیری کاروباری ئەرەوەی ئێران بە لاقرتییەوە باسی ھونەری سات و سەودای داناڵدترەمپی کردو وتی: سەرباری تەواوی کارامەییە بازرگانییەکانی دەتوانم سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەوە دڵنیا کەمەوە کە ئەم ڕێککەوتنە باشترین ڕێککەوتنە بۆ ئێران و ئەورووپاو ئەمریکاو ڕووسیاو چین و تەو.اوی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.
ناوبراو سەبارەت بە بایکۆتەکانی چوارەمی نوامبریش وتی: ئەمریکییەکان گرفتێکی گەورەتریان لە بارەی ئەم بایکۆتانەوە ھەیە، چونکو دوای ئەوە ئێران بە پێی بەرنامەکانی خۆی وەڵامیان دەداتەوە.
داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای ٢٠١٨ وێڕای دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران کشانەوەی یەکلایەنەو نایاسایی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەکی کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا واژۆ کرا بوو، ڕاگەیاند.قۆناغی یەکەمی ئەم بایکۆتانە لە حەوتی ئوتەوە جێبەجێ کراو قۆناغی دووھەمیش کە داگری بایکۆتی کڕینی نەوت لە ئێرانیشە لە چوارەمی نوامبەرەوە دەچێتە واری جێبەجێ کردنەوە.
ئەو کارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدانەکرانی بەربڵاوی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەوە و ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەرانساو ئەڵمانیاو یەکێتیی ئەورووپا وەک لایەنەکانی دیکەی ڕێککەوتنی ناڤۆکی بە ڕاشکاوی جەختیان کردووە کە لەم ڕێککەوتنە نێونەتەوەییە لاگری و پشتیوانی دەکەن.
یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە «یاسای بەرتەسک کردنەوە»ی خۆی بۆ پشتیوانی کردن لەو کۆمپانیاگەلەی کە لە ئێراندا خەریکی چالاکی نواندنن ڕادەپەڕێنێ ھەتا ئەو کۆمپانیاگەلە لە بەرامبەر ئەو بەشەی بایکۆتەکانی ئەمریکادا کە ھەڕەشە لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، بپارێزرێن.