تشرینی دووه‌م 17, 2018 16:19 Asia/Tehran
  • پێداگریی سەرۆک کۆمارانی ئێران وعێراق لەسەر پەرەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دوو وڵات

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: پەرەی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق هەتا بیست ملیارد دۆلار مومکینە.

"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ "بەرهەم ئەحمەد ساڵح"ی سەرۆک کۆماری عێراق لەتاران بەئاماژە بە دانیشتنی شاندە پلەبەرزەکانی دوو وڵات، وتی: لەو دانیشتنەدا وێڕای تاووتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، دوولایەن پێیان داگرت لەسەر درێژەی ڕەوتی پەرەی پەیوەندییە سیاسی، فەرهەنگی وئابوورییەکان و دانیشیان بەوەدانا کە پتانسێل و توانای فراوان بۆ پەرەی پەیوەندییەکان لەئارادایە کە دەبێ سوودیان لێ وەربگیردرێ.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: پێشەکییەکانی لکانی ئاسنەڕێی شەلەمچە، باشووری رۆژاوای ئێران بە بەسرە، باشووری عێراق، تەواو ئامادەیەو بە کەمڵانی٣٥کیلۆمیتر ئاسنەڕێ، ڕەوتی گواستنەوەی بارە بازرگانییەکان وموسافران لەنێوان ئێران و عێراقدا بەتایبەت لە ڕۆژانی ئەربەعیندا ئاسان دەکرێ.

رۆحانی هەروەها وێڕای بەگرینگ زانینی پرسی خاوێن کردنەوەی چۆمی ئەروەند لە خشڵ و زبڵ، پرسی ژینگەی لە پرسە گرینگەکانی دیکە ناوبرد و وتی: ئەمڕۆ بەشێک لە خەڵکی ئێران و عێراق لەسنوورە رۆژاوایی وباشوریەکان بەرەوڕووی کێشەی خۆڵبارینن و ئەو کێشەیە بەهاوکاریی دوو وڵات دەبێ چارەسەر بکرێ.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: ئاسایش و گەشەی عێراق، ئاسایش و گەشەی ئێرانەو پەیوەندیی زۆر نزیکی دوو نەتەوە، دەبێ تادێ قووڵتر و هاوکارییە هاوبەشە ئابوری و سیاسییەکانی دوو وڵاتی دۆست ، زیاتر پەرە پێ بدرێ.

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقیش وتی: ناوچە پێویستی بە نەزم و ڕێکی نوێ هەیە هەتا بەرژەوەندیی نەتەوەکان دابین بکرێ کە لەوبوارەدا، دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرگرینگەو عێراقیش دەبێ رۆڵێکی گرینگ ببینێ.

بەرهەم ساڵح وتی: عێراق گرینگی زۆر دەدا بە پەیوەندییە هاوبەش و پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و هیوادارە پەیوەندییەکان پەرە بسێنێ.

سەرۆکی کۆماری عێراق رۆژی شەممە بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەرووی شاندێکدا گەیشتە تاران.

سەرپەیڤ