رۆحانی : ئەمریکا لە بەچۆکداهێنانی ئێران شکست دێنێ
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا، بەچۆکداهێنانی نیزامی بەهێزی کۆماری ئیسلامییە بەڵام لە هاتنەدی ئەو ئامانجە، شکست دێنێ.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێ شەممە لەکاتی پێشکەش کردنی پڕۆژەبڕیاری بودجەی ساڵی داهاتوو(١٣٩٨ی هەتاوی) بە مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، لەنێو نوێنەراندا بەئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران، وتی: کۆماری ئیسلامی سەربەرزتر، بەهێزتر، خۆڕاگرتر و هۆشیارتر لەهەمبەر ئەو پیلانگێڕییانەدا ڕادەوەستێ.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان لە بەهێزبوون و توانای ئێران دەترسن، وتی: ئەمریکییەکان ئێران وەک لەمپەرێکی گەورە لە ناوچەی هەستیاری رۆژاوای ئاسیا بۆخۆیان دەبینن، بۆیە تەگەرە دەخەنە بەردەم کاروبارەکانی.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکا هەردەم ئیدیعای دەکرد کە ئێران تەریک دەخاتەوە بەڵام ئەمڕۆ خۆی تەریک کەوتووترین وڵاتە، وتی: لەمەڕ پرسی گەمارۆ دژە ئێرانیەکانی ئەمریکاو چوونەدەری واشنگتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی وگشت وڵاتان داکۆکییان لە ئەمریکا نەکرد.
رۆحانی هەروەها پێی داگرت لەسەر پێویستیی پەرەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئێران لەگەڵ گشت وڵاتاندا.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش لێدوانەکەی، پڕۆژەبڕیاری بودجەی ساڵی داهاتووی ئاراستەی عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کرد.