رۆحانی : ئەمریکییەکان ناوێرن بێتەنێو جەماوەری خەڵکی ناوچە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران،بەئاماژە بە سەفەری نهێنی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عێراق وتی: ئەمریکییەکان ناوێرن لەنێو خەڵکی عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن دەرکەون.
"حەسەن رۆحانی" سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆڕی ئەنجومەنی وەزیران بەئاماژە بەوەی کە ئەمریکییەکان لە ساڵی٢٠٠٣دا ئیدیعایان کردبوو کە ڕزگاریدەری خەڵکی عێراق و ئەفغانستان بوونە، وتی: ئەگەر ئەمریکا، عێراقی ڕزگار کردووە، لەبەرچی ترامپ سەفەری فەرمی وئاشکرای بۆ ئەو وڵاتە ئەنجام نەدا.
رۆحانی وتی: سەفەری لەشەوداو بەنهێنی ترامپ بۆ عێراق و جێهێشتنی خێرای ئەو وڵاتە، پێشاندەری شکست هێنانی ئەمریکا لە ناوچەیە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوای خواست: بەرپرسانی کۆشکی سپی لە ساڵی٢٠١٩ لە شکست هێنانەکانیان پەند وەربگرن و خۆ لەکاروباری خەڵکانی ناوچە بەتایبەت گەلی فەلەستین هەڵنەقورتێنن.
رۆحانی هەروەها بەئاماژە بە ئابلۆقە زاڵمانەکانی ئەمریکا لەدژ ئێران، وتی: چالاکییە ئابوریەکانی ئێران سەرباری زەخت وگوشاری دوژمنان، ئەرێنی و هیوابەخشە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: قەت ئامانجی ئەمریکییەکان لەمەڕ پێش گرتن بەهەناردەکرانی نەوتی ئێران و لێکەوتەکانی، نایەنەدی .
رۆحانی هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی توانای بەرگریی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرەشە وگوڕەشەی دوژمنانی بە پێویست زانی.