شوبات 27, 2019 18:02 Asia/Tehran
  • رۆحانی: ئێران و ئەرمەنستان ئیرادەی پێویستیان هەیە بۆ پەرەی پەیوەندیی هەمەلایەنە

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیی تاران و ئیرەوانی ڕوو لەپەرە زانی و پێی داگرت: حکومەتانی دوو وڵات بۆ پەرەی پەیوەندیی هەمەلایەنە، خاوەن ئیرادەو خولیای پێویستن.

"حەسەن ڕۆحانی" ئەمڕۆ چوارشەممە لەکۆتایی دانیشتنی وەڤدی باڵای ئێران و ئەرمەنستان و ئیمزای سەنەدەکانی هاوکاری لەتاران، وێڕای ڕێزگرتن لە هەڵوێستەکانی ئیرەوان لەمەڕ بایکۆتی دژە ئێرانیی ئەمریکا، وتی: پەیوەندیی زۆر شیاو لەنێوان دوو وڵاتدا هەیە لەبواری سیاسی، فەرهەنگی، گەشتیاری، زانستی و زانکۆیی و تاران پێشوازیی دەکا لە پەرەی پەیوەندییەکان لەوبوارانەدا.

رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئێران وئەرمەنستان لەبواری ئابوریدا تواناو پتانسێلی زۆریان بۆ هاوکاری هەیە، وتی: گرینگترین پرس لەمەڕ هاوکاریی ئابوریی دوو وڵات لەبواری گاز، کارەباو سات وسەودای ئەو دوو وڵاتەیە.

سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها ئامادەیی ئێرانی ڕاگەیاند بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی گاز بۆ ئەرمەنستان و هەروەها هاوکاری بۆ هەناردەکرانی گازی ئێران لەڕێی ئەرمەنستان بۆ گورجستان.

"نیکۆل پاشینیان" سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستانیش لەکۆتایی دانیشتنی وەڤدی باڵای ئێران و ئەرمەنستان وئیمزای سەنەدەکانی هاوکاری، بەئاماژە بەوەی کە ئاسۆیەکی نوێ هەیە بۆ هاوکاریی تیجاری و ئابوری و پەرەپێدانی قەبارەی ئاڵووێری کاڵاو هاتووچۆی خەڵک وچالاکیی کارئافرێنانی دوو وڵات، وتی: دەبێ کۆمەڵگای کارئافرێنان بۆ کەڵک وەرگرتن لەو ئیمکاناتە هان بدرێ.

پاشینیان بەئاماژە بەوەی کە ئەرمەنستان سورە لەسەر پەرەی هاوکارییەکان لەگەڵ ئێراندا، وتی: ئەرمەنستان ئامادەیە دەورببینێ لە ئاراستەی ترانزیتی گازی ئێران بۆ گورجستان.

بەئامادەبوونی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان، ئەمڕۆ چوارشەممە دوو سەنەدو یادداشتی تەبایی هاوکاریی هاوبەش لەنێوان بەرپرسانی دوو وڵات لەتاران، ئیمزا کرا.

سەرپەیڤ