ئادار 07, 2019 16:03 Asia/Tehran
  • ڕۆحانی: زۆربەی وڵاتانی جیھان نەیاری بایکۆتەکانی ئەمریکان

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتی: ئەمڕۆ چەند وڵاتێکی کۆنەپەرستی ناوچەکە و ڕژێمی زایونی نەبێت، ھیچ وڵاتێک پشتی بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناگرێت و تەنانەت ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی ئەمریکاش لەو باوەڕەدان کە ئەم بایکۆتانە ھەر لە سەرەتاوە دروست نەبوونە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئیداریی پارێزگای گیلانی باکووری ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بایکۆت ھەر بەردەوام لە ئارادا بووە، وتیشی: ئەورووپا، ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمریکای لاتین، تەنانەت ئەمریکای باکووری و ناوپڵی دەستەڵاتی خودی ئەمریکاش نەیاری ھەنگاوەکانی دەوڵەتی ترەمپ دژی ئێرانن.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وتیشی: جەماوەری ئەمریکاش لەو باوەڕەدان کە ترەمپ مافی داسەپاندنی بایکۆت بە سەر ئێرانی نییەو دیارە لەم بارەیەوە وریا بوونەوەی بیروڕای گشتیی جیھان بەرامبەر بە ئێران نیعمعتێکی گەورەیە.

ڕۆحانی وێڕای ئاماژە کردن بە سەرکەوتنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا وتیشی: بۆ یەکەمجار لە مێژووی ناوچەکەو جیھاندا بڕیارێکی کاریگەر بۆ ئاسایشتی ناوچەکەو بە تایبەت سووریا لە لایەن سێ وڵاتەوە دەدرێت کە یەکێکیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سەرۆکی ھێزی جێبەجێکاری ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە بەرپا کرانی کۆبوونەوەی سێ لایەنەی ئێران و ڕووسیاو تورکیا بۆ چارەسەریی کێشەی سووریا ماسراو بە ڕەوتی ئاستانە، وتیشی: ئێران لەو تەوەرە سەرەکیانەی پاراستنی ئاسایشتی ناوچەکەو بە تایبەت سوریایە.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا بە دەربڕینی ئەمەی کە ئێران ناتوانێ بەرامبەر بە دراوسێکانی کەمتەرخەم بێت، ڕاشکاوانە وتی: ئەگەر پشتگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبایە بێ گومان بەغداو ناوچەی ھەرێمی کوردستان دەکەوت و داعش بە سەریاندا زاڵ دەبوو.

ڕۆحانی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ھیچ لارییەکی لە دانوستان نییەو لە مێزی  وتووێژەکانیش ناترسێت، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بوون لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان بە لۆژیک و بەڵگەھێنانەوە ھەڵوێست و ڕوانگەکانی خۆی بە گوێی خەڵکانی جیھان گەیاندووە.

سەرپەیڤ