ئادار 27, 2019 08:07 Asia/Tehran
  • جەختی ڕۆحانی لە سەر ڕاپەڕێندرانی ھەرچی خێراتری ڕێککەوتنە ھاوبەشەکان لەگەڵ عێراق دا

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر ڕاپەڕێندرانی ھەرچی خێراتری ڕێککەوتنە ھاوبەشەکانی نێوان دوو وڵات و پەرە پێ دانی پەیوەندییە ستراتژییەکانی تاران و بەغدا پێی داگرت.

حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیشکی خستە سەر دەستھاتەکانی گەشتەکەی بۆ عێراق و وتی: پەرە پێ دان و قوڵ کردنەوەی ھەرچی زیاتری پەیوەندییە ستراتژییەکانی تاران و بەغدا کە لە ئێستاش دا ھەر جێگای سەرنجە، بە قازانجی ھەردووک نەتەوەکەیەو بە زیانی ھیچ وڵاتێک لە ناوچەکەدا نییە.

ڕۆحانی ھەروەھا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بڕیارەکەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ بە فەرمی ناسینی سەروەریی ڕژێمی داگیرکەری زایونی بە سەر بەرزاییەکانی جۆلاندا ، وتیشی: پاوانخوازیی ڕژێمی زایونی و بڕیاری ھەڵەی واشێنگتۆن، ھاوکاریی نزیکی نێوان وڵاتانی ناوچەکە پێویست تر دەکات.

عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وێڕای پیرۆزکردنی نەورۆزو داخ و مەخابن دەربڕین لە بەر کوژرانی ژمارێک لە ئێرانییەکان لە لافاوەکەی ئەم دواییەدا، پەیوەندییەکانی ئێران و عێراقی بە ڕوولەگەشە زانی و وتیشی: دەبێ بە ھاوکاریی ناوچەیی پەیوەندییەکان بەربڵاوتر بکرێنەوەو لە بارستایی تەواوی وڵاتان بۆ نەھێشتنی گرفتەکانی ناوچەکە کەڵک وەربگیردرێت.

سەرپەیڤ