May 09, 2019 13:25 Asia/Tehran
  • ڕێپێوانی جەماوەری بۆ پشتگری کردن لە ھەنگاوە بەرجامییەکانی ئێران لە ڕۆژی ھەینی دا

جەماوەری ئێران لە ڕۆژی ھەینی بە بەرپا کردنی ڕێپێوانی سەرتاسەری لە ھەڵپەسێردرانی کۆمەڵێک لە بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بەرجامەوە پشتگری دەکەن.

ئەنجومەنی ڕ ێکخستنی بانگەوازی ئیسلامیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە ئاگاداری نامەیەک دا ڕایگەیاند:جەماوەری سەرتاسەری ئێران لە وەڵامی پەیمان شکێنی و جێی متمانە نەبوونی ئەمریکییەکان و ھاوپەیمانەکانی، ڕۆژی ھەینی دوای بەجێ ھێنانی نوێژ بە وەڕێ خستنی ڕێپێوان، پشتیوانیی خۆیان لە ھەڵپەسێردرانی کۆمەڵێک لە بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی بەرجامەوە دەر دەبڕن.

ئەم ئاگاداری نامەیە ھەروەھا باسی ئەوە دەکات کە، گەلی خۆڕاگری ئێران وێڕای پاراستنی ھاودڵی و یەکگرتوویی نیشتیمانی و ئامادە بوونی شکۆمەندیان لە ڕێپێوانی سەرتاسەری دا، زەبرێکی قورسی دیکە لە جەستەی دوژمنان دەوەشێنن.

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند کە: کۆمەڵێک لە ئەرکەکانی لە ڕێککەوتنی ناڤۆکیی بەرجام دا ھەڵدەپەسێرێت. و ماوەی ٦٠ ڕۆژ دەرفەت دەداتە ئەو وڵاتانەی کە ھێشتا لە ڕێککەوتنی بەرجام دا ماونەتەوە واتە، بریتانیاوئاڵمانیاو فەرانساو ڕووسیاو چین، بۆ ئەوەی بەڵێنەکانیان بەتایبەت لە بواری بانکی و نەوت ڕاپەڕێنن و ئینجا پێی داگرت کە: ھەرکاتێک داخوازییەکانی ئێران مسۆگەر بکرێت، تارانیش ھەر بەو ڕادەیە ڕاپەڕاندنی ھەمدیسانی بەڵێنە ڕاگیردراوەکانی خۆی دەست پێ دەکاتەوە، ئەگینا ئێران قۆناغ بە قۆناغ ئەرکەکانی دیکەشی ھەڵدەپەسێرێت.

ھەڵبەت ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی ئێران جەختی لەوەش کردووەتەوە کە: ئێران ئامادەیە لە سەر ڕاوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ھەنوکە ئەندامی ڕێککەوتنی بەرجام لە ھەموو ئاستێکدا بەردەوام بێت، بەڵام لە بارەی ھەرھەنگاوێکی نابەرپرسانەوە لەوانە ڕەوانەکرانی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان یان داسەپێندرانی بایکۆتی زیاتر، کاردانەوەی خێراو لێبڕاوانە لە خۆی پیشان دەدات.

جێگای ئاماژەیە داناڵدترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەشتەمی مانگی مای  ٢٠١٨  بە دووپات کردنەوەی ھێندێک بوختانی بێ ناوەڕۆکی دژی ئێران ، بە شێوەیەکی یەک لایەنە وێڕای پێشێلکردنی ئەرکەکانی واشێنگتۆن لە ڕێککەوتنی بەرجام دا لەم پەیمانە نێونەتەوەییە کشایەوەو گەڕانەوەی بایکۆتەکانی دژی ئێرانی ڕاگەیاند.

ئەو ھەنگاوە یەک لایەنەیەی ئەمریکا لە بەر پێشێلکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ دژایەتیی بەربڵاوی جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھان ڕایانگەیاندووە کە پشتگری لە بایکۆتە دژی ئێرانییەکانی ئەمریکا ناکەن.

 

سەرپەیڤ