ڕاگەیەندرانی بڕیاری نوێی ئێران سەبارەت بە بەڵێنە بەرجامییەکانی؛ ئەمڕۆ
هاوکات لە گەڵ کۆتایی هاتنی ئەو دەرفەتە ٦٠ ڕۆژەی ئێران بە وڵاتانی ئەورووپایی دابوو، بریارە نوێکانی تاران سەبارەت بە بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەمڕۆ یەکشەممە ڕادەگەیەندرێت.
کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨ی مانگی مەیی ٢٠١٩، لە ساڵڕۆژی چوونەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پاش سەلمێندرانی ناکارامە بوونی ڕێکارە پێشنیارییەکانی ئەورووپا بۆ قەرەبوو کردنەوەی دواهاتە ئابوورییەکانی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕایگەیاند؛ بەشێک لە بەڵێنە بەرجامەییەکانی خۆی بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەپەسێرێت.
ئێران ٦٠ ڕۆژ دەرفەتی دا بەو وڵاتانەی هێشتا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا ماونەتەوە تا بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بە تایبەت لە بواری بانکی و نەوتی بەجێ بێنن، کە بێتوو وا نەکەن تاران هەنگاوی تازەی هەڵدەگرێ لە ئاراستەی بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەمدواییەی جەختی کرد ڕادەی پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران لە سنووری دیاریکراوی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (300 کیلۆگرام هێگزافلۆراید UF6 و یان هاوسەنگی ئەوە بڕی 202.8 کیلۆگرام یۆرانیۆم) تێپەڕیوە.
ئێران ڕایگەیاندبوو لە هەنگاوی دووەمدا لە ئاستی پیتاندنی 3.67% تێدەپەڕی و مادەی ئەتۆمی بە پیتاندنی زیاتر بەرهەم دێنێ و هەروەها سەبارەت بە مەسەلەی ڕیاکتۆری ئەتۆمیش دەگەڕێتەوە ڕەوشی پێش ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
بە پێی بڕگەکانی ٢٦ و ٣٦ی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بێتوو لایەنی بەرامبەر پێبەند نەبێ بە ئەرک و ئەستۆگرییەکانی، ئێران مافی ئەوەی هەیە جێبەجێ کردنی ئەستۆگرییەکانی خۆی بە گشتی و یا هەندێ بەشی ڕاگرێ.