کەماڵوەندی: بەرتەسک بوونەوەی بازنەی بەڵێنەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەر درێژەی دەبێ
وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران بە ئاماژە بە چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پێبەند نەبوونی ئەورووپاییەکان بە وادە و بەڵێنەکانیان وتی: بەرتەسک بوونەوەی بازنەی بەڵێنەکانی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەر بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ئیرنا؛ "بێهرووز کەماڵوەندی" وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە ڕێ و ڕەسمی دەست پێبوونی خولی فێرکاریی مافی ئەتۆمیی لە تاراندا وتیشی: بڕیاری ئێران لە سەر کەم کردنەوەی بەشێک لە بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە وەڵام بە چوونەدەری ئەمریکا لەو پەیمانە و پێبەند نەبوونی ئەورووپاییەکان بە وادە و بەڵێنەکانیان و هەروەها لە ئاراستەی بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان مافەکان و ئەستۆگرییەکانمان دراوە.
کەماڵوەندی وتیشی: ئەگەر ئەورووپاییەکان دەیانهەوێ ئێران بگەڕێتەوە سەر جێبەجێ کردنی تۆکمە و تەواوەی هەموو ئەستۆگرییەکانی بەرامبەر بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوانیش دەبێ هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانیان بەجێ بێنن.
وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران هەروەها بە ئاماژە بە هاوکاریی ئەتۆمیی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپا وتی: وێڕای هەموو کێشە و گرفتەکان و لە ئاراستەی باشتر کردنی هاوکارییەکان و ئاڵ و وێری زانیاری لە پێناو جێبەجێ کرانی پرۆژەکانی هاوپێوەند بە پاشکۆی سێهەمی ڕێککەوتنەی ئەتۆمی، هاوکاریی نێوان تاران و بروکسێل هەر بەردەوامە.
خولی پێنج رۆژەی مافە ئەتۆمییەکان ڕۆژی شەممەوە بە ئامادەبوونی بەرپرسان، پسپۆڕانی مافەوانی و خاوەن بیر و ڕایان و شارەزایانی مافە ئەتۆمییەکان لە تاران دەست پێ بوو.