پێداگریی سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیا لە سەر پێویستی بەهێزتر کرانی دانوستانی ئاستانە لە پێناو چارەسەر کرانی پرسەکانی سووریا
سەرۆک کۆماری ئێران و ڕووسیا پێداگرییان کرد لە سەر پێویستیی بەهێزتر کرانی پرۆسەی ئاستانە لە پێناو چارەسەر کرانی مەسەلەی سووریا و بنەبڕ کردنی تیرۆریزم لە ناوچەی ڕۆژاوای ئاسیا.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە وتووێژی تەلەفوونی لەگەڵ "ڤیلادمیر پوتین"ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەمدواییە لە ئیدلیبی سووریا وتی: بارودۆخی ئیدلیب جێی نیگەرانییە و دەبێ خێراتر پەیمان و ڕێککەوتنەکانی دانوستانی ئاستانە جێبەجێ بکرێن.
ڕۆحانی بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە بە هیچ لەونێ قەبووڵکراو نییە کە بەشێک لە خاکی وڵاتی سووریا بۆ ساڵهای ساڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستاندا بمێنێتەوە، راشکاوانە ڕایگەیاند: ڕێگاچارەی قەیرانی سووریا تەنیا هەر سیاسییە.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامادەیی دەربڕین بۆ میواندارێتی کردنی کۆبوونەوەی سەرانی سێ وڵاتی ئێران، ڕووسیا و تورکیا لە ئاراستەی بەردەوام کردنی دانوستانی ئاستانە جەختی کرد: نابێ ڕێگا بدەین باروودۆخی ئیدلیب ببێتە بیانوویەک بۆ خۆوەردان و هەل قۆستنەوەی ئەمریکاییەکان لەو ڕەوشەی سووریا تووشی بووە.
ڕۆحانی هەروەها بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەمدواییە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، بە ڕێزگرتن لە هەڵوێستەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، وتی: تا ئەو کاتەی کە ئێران سوود و قازانجەکانی ئەو ڕککەوتنەی بەرکەوێ، تاران پێبەند دەمێنێتەوە بە بەڵێنەکانی.
سەرۆک کۆماری ڕووسیایش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا ڕێککەوتنە ئەنجام دراوەکان لە چوارچێوی دانوستانی ئاستانە بۆ چارەسەر کردنی مەسەلەی سووریای بە یەکجار کارتێکەر وەسف کرد و وتیشی: دیاری کردنی ناوچەی کەم کێشە نابێ بە بەرەنگارنەبوونەوەی تیرۆریزم مانا بکرێتەوە.
پوتین بە پێداگری لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا وتی: ئەوە مافی ڕەوای دەوڵەتی سووریایە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان لە خاکی خۆیدا، کاردانەوەی هەبێ.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا بە پێشوازی لە ئامادەیی دەربڕینی ئێران بۆ میواندارێتیی کردنی کۆبوونەوەکانی داهاتووی سێ لایەنەی سەرانی سێ وڵات لە دانوستانی ئاستانە، هیوای خواست: بە وتووێژ ئەو کێشە و ناکۆکییانەی سەریان هەڵداوە خێرا چارەسەر بکرێن.