رۆحانی: ئامارو ڕاپۆرتی هاوپێوەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس لەسەرتاسەری ئێران دا جێی هیوایە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕێزگرتن لە گرینگیدانی خەڵک بە ڕاسپێریی و رێنماییەکانی ناوەندی نیشتمانیی کۆنترۆڵی نەخۆشیی کۆرۆنا وتی: ئامارو ڕاپۆرتەکانی هاوپێوەند بە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە سەرانسەری ئێران دا هیوابەخشن.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە لە کۆڕی ناوەندی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەو کۆنترۆڵی نەخۆشیی کۆرۆنا کە بەئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای کارگێڕیی و دادەوانی و سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەڕێوەچوو، وتی: گەلی ئێران سەرباری دژواریی و سەخڵەتییەکان و گیروگرفتی سەرچاوەگرتوو لە بایکۆت و ئابلۆقە زاڵمانەکان، بەهاودڵی، برایەتی و دۆستایەتی هاوکاریی دەم و دەزگە کارگێڕیەکان دەکەن.
رۆحانی بەئاماژە بەکەمبوونەوەی ڕێژەی سەتا حەفتای گەشت و سەفەرەکان لەئێران، وتی: کەمتر وڵاتێک هەیە کە خەڵکەکەی تەنیا لەسەر ڕاسپێریی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی بواری پزیشکی و تەندروستی، ئەوەندە هاوکار و یارمەتیدەر بێ. سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەپێویستیی خێرابوون لە ڕەوتی راگەیشتن بە ڕەوشی هاووڵاتیانی بیانی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون، گوتی: پێویستە کاری چارەسەریی بکرێ بۆ ئەو موسافیرانە کە لەوڵاتانێکی وەک هیندستان، پاکستان و ئەفغانستان وەک زیارەتکار سەردانی ئێرانیان کردووە و تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون، هەتا بتوانن پاش جێگیربوونی تەندروستیان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی، دەرمان و فێرکاریی پزیشکیی ئێران ، تائێستا نۆزدە هەزار و ٦٤٤ کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا ڤایرۆس بوون کە لەو ژمارەیە، شەش هەزار و ٧٤٥ کەسیان چاکبوونەوەو چوونەوە ماڵەکانیان.
کۆرۆنا ڤایرۆس کە ناوە فەرمییەکەی کۆڤید-١٩ یە لەکۆتایی ساڵی رابردووی زایینی لەشاری "ووهان"ی چین پەیدا بوو. ئەو ڤایرۆسە ئێستا جگە لە چین، زیاتر لە١٨٥ وڵاتی دیکەشی تێوەگلاندووە.