شەھید بوونی سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانیی ئێران لە ھێڕشێکی تیرۆریستی دا
سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە ھێرشێکی تیرۆریستی دا لە گردوپەڕی تاران شەھید کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی پەیوەندیی گشتیی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران ، تیرۆریستانی چەکدار دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی ترۆمبیلەکەی ھەڵگری «موحسین فەخری زادە» سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێرانیان دایە بەر ھێرش و پەلامار.
بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕەوتی پێکدادانی پاسەوانەکانی «موحسین فەخری زادە» لەگەڵ تیرۆریستان، ئەم زاناو پسپۆڕە ئێرانییە بە خەستی بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بە پێی ئەم ھەواڵە، بە داخ و مەخابنێکی زۆرەوە ھەوڵی گروپی پزیشکی بۆ بە زیندوو ڕاگرتنی ئەم پسپۆڕە ھەڵکەوتەیەی ئێران سەرکەوتوو نەبووەو لە ئەنجام دا سەرۆکی ڕێکخراوەی توێژینەوەو داھێنانی وەزارەتی بەرەڤانی و پشتیوانیی ھێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ساڵانێکی دوورودرێژ خەبات و تێکۆشان بە پلەی بەرزی شەھادەت دەگات.