ھەرەسی بەفر لە سەر سنووری ئێران و تورکیا رووداوی لێکەوتەوە
ھەرەسی بەفر لە ناوچەی کوێستانیی سۆمای برادۆستی سەر بە شاری ورمێ کە لەسەر سنووری ئێران و تورکیا ھەڵکەوتووە ، بێسەروشوێنبوونی 5 کەسی لێکەوتەوە .
بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، سەعید حەقیقی بەرپرسی ناحیە(بەخشدار) ی سۆمای برادۆست رۆژی دوشەممە گوتی : دەمەونیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ھاتنی رنوو لە بەرزاییەکانی سەر سنووری ئێران و تورکیا ، 5 کەس لە دانیشتوانی گوندی کوڕانەی ناحیەی سۆمای برادۆست ی شاری ورمێ بێسەروشوێن بوون .
حەقیقی گوتیشی : بە ھۆی نالەباربوونی رەوشی ھەوا تا ئێستا ئیمکانی پێوەندی گرتن لە گەڵ ئەو کەسانە نەکراوە .
ھەروەھا ھەندێ ھەواڵی نافەرمی دەڵێن ، تەرمی 5 کەسی وەبن ھەرەس کەوتوو لە خاکی تورکیا لە لایەن ھێزە فریاگوزاریەکانی ئەم وڵاتە دۆزراونەوە .
ھەڵبەت تا ئێستا ئامارێکی ورد و فەرمی لە کەسانی بەر رنوو کەوتوو و رزگاربووەکان بڵاونەبووەتەوە.
گوندی کوڕانەی ناحیەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێ ، لە ھەشت کیلۆمەتریی سنوری ئێران و تورکیا ھەڵکەوتووە .