گیرانی تیرۆریستێک لە تاران
سەرۆکی پۆلیسی تاران وردەکاریەکانی گرتنی تیرۆریستێکی ئاشکرا کرد کە بە نیاز بووە خۆی بتەقێنێتەوە .
لیوا حسێن ڕەحیمی، فەرماندەی پۆلیسی تاران سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، “ پیاوێکمان لە رێگەی تاران- قوم دەستگیرکردووە کە پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و بەنیاز بوو خۆی بتەقێنێتەوە”.
ئەو فەرماندەیەی پۆلیس ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو کەسە بەنیازی کاری خۆکوژی و تەقەکردن بووە لە چەند ناوچەیەکی تاران و لەلایەن گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە هاندراوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “تۆمەتبارەکە، بەدەر لە پشتوێنی بۆمبڕێژکراو چەک و چەندین ئامێری دیکەی پێبووە”.
“لەکاتی دەستگیرکردنەکە، ئەو کەسە بەنیازبووە لەڕێی بۆمبێکی دەستییەوە زیان بە پۆلیسەکان بگەیەنێت، بەڵام پۆلیسێک خۆی هەڵداوەتە سەری و ڕێگای نەداوە ئەو کارە بکات”، وەک لیوا ڕەحیمی ئاماژەی پێکردووە، ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “ئەرکی دەستگیرکردنی ئەو کەسە زۆر مەترسیدار بووە و 45 خولەکی پێچووە”.
گوتیشی : لەو تیرۆریستە دەمانچەیەکی کۆڵت بە 30 فیشەکەوە گیراوە .