ئێران مافی عێراقی سەبارەت بە رووبارە سنووریەکان پێشێل نەکردووە
بەرپرسێکی ئێرانی لە وەڵامی ئەگەری سکاڵایەکی عێراق لە دژی ئێران لە دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووبارە سنووریەکان، ڕایگەیاند کە ئێران مافی عێراقی لە ڕووبارە سنوورییەکان پێشێل نەکردووە.
ئەو ڕووبارانەی لە ئێرانەوە دەڕژێنە نێو خاکی عێراق بەشێکی بچووکن لە سەرچاوەکانی دیجلە و کاریگەریی ڕووبارەکانی ئێران لەسەر عێراق زۆر کەمە و بە گشتی نزیکەی ٦٪ی سەرچاوەکانی دیجلە و فوراتە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ جەبار وەتەنفەدا، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی ڕووبارە سنوورییەکان و سەرچاوە ئاویە هاوبەشەکانی کۆمپانیای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئیدعای سکاڵاکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە.
وەتەنفەدا ڕایگەیاندووە کە ئێران چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەسەر ڕووبارە سنوورییەکان لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی کە لە ڕێککەوتنەکەدا پێشبینی کراوە، ڕاگەیاندووە و تەنانەت مەهدی حەمدانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیش لە کۆبوونەوەیەک دا کە هەشت مانگ لەمەوبەر لە تاران بەڕێوەچوو بە ڕوونی ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن ئەوەوە قبوڵکراوە.