تشرینی دووه‌م 01, 2022 16:26 Asia/Tehran
  • کەنعانی: ئێران هاوکاریی بەرگرییانەی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، بەڵام خۆفڕی ناداتێ

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە هاوکاریی بەرگرییانەی نێوان تاران و مۆسکۆ وتی: ئێران خۆفڕ بۆ ڕووسیا دابین ناکات.

ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ھاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکان لە شەڕی ئۆکرانیا ،  ھێندێک بانگەشەی دژە ئێرانیی ھێناوەتە ئاراوە، کە تاران لێبڕاوانە ڕەتی کردوونەتەوە.

ئەمریکا لە کاتێکدا کە ھەر لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیاوە نزیکەی ١٨ ملیار دۆلار کەرەستەی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا ناردووە، کەچی لەمێژە بوختانی ئەوە بۆ ئێران دەکات کە گوایە لە شەڕی ئۆکرانیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە ڕووسیا داوە.

«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری ڕۆژنامەی «ڤێچێرنی لیست»ی کۆرۆڤاسی سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران لە ھەمبەر شەڕی ئۆکرانیا و بانگەشەی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا، ڕوونی کردەوە کە سیاسەتی دیاریکراوی ئێران بەرامبەر بە شەڕی ئۆکرانیا ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە، نەناردنی چەک و چۆڵ بۆ ئەو دوو لایەنە تێکھەڵچووەو ڕاگیرانی شەڕو کۆتایی ھاتن بە ئاوارەبوونی خەڵکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا کە ئێمە بە دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیامان وتووە کە بەڵگەیەک سەبارەت بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بخەنەڕوون ئەگەر هەیانە. بێگومان ئێران ساڵانێکی زۆرە هاوکاری بەرگریی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، بەڵام ئێمە بە توندی ڕادەستکردنی خۆفڕو بۆ شەڕی دژی ئۆکرانیاو هاوکاریی سەربازی بۆ ڕووسیا ڕەت دەکەینەوە.

«کەنعانی» هەروەها ئاماژەی بە هاوکاریی نێوان ئێران و کۆرۆڤاسیش  کرد و ڕایگەیاند کە دۆستایەتی و هاوکاری سیاسەتی بەردەوامی ئێرانە لە پێوەندی لەگەڵ کۆرۆڤاسی دا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە پرسە نێوخۆییەکانی وڵات ڕاشیگەیاند، داواکارییەکانی خەڵک ڕێزیان لێ دەگیرێت، بەڵام ڕێگە نادەین ورووژاندن و ھەڵخڕاندنی میدیایی و سیاسەتی بیانی کاریگەری لە سەر ئاسایشتی ئێران دابنێت.

«ناسر کەنعانی» هەروەها سەبارەت بە دانوستانەکانی بوژانەوەی بەرجامیش وتی: ئێمە لە هەنگاوی کۆتاییداین بۆ گەڕانەوەمان بەرەو بەرجام  کە دیارە ئەمەش پێویستمەندی ھەنگاوی بنیاتنەری ئەمریکایە.

 

سەرپەیڤ