کانونی یه‌که‌م 25, 2022 07:08 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئێران بۆ هێرشی پۆلیسی فەرەنسا دژی کورد: توندوتیژی دژی کەمینەکان ڕابگرن

«ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، هێرشی توندوتیژو ڕەگەزپەرستانەی سەر خۆپیشاندەرانی کورد لە پاریسی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەسی بێتاوان، ئیدانە کرد.

کابرایەکی چەکداری ٦٩ ساڵان ڕۆژی هەینی لە ناوەندی شاری پاریس لە نزیک مەکۆیەکی ڕۆشنبیریی کوردی، وێڕای تەقە کردن لە سێ کەسی کورد ، ھەر سیانی کوشت و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد.

ئەم تاوانە بووە هۆی توڕەیی کۆمەڵگەی کوردی فەرەنسی. کوردانی ناڕازی ڕۆژی شەممە خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان لە پاریس ئەنجامدا. ئەم خۆپیشاندانەش بووە هۆی پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.

پۆلیس بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵکەکە گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێناوە. سەرۆکی پۆلیسی پاریس دەستگیرکردنی ١١ کەسی لە کاتی بشێوی و ناڕەزایەتی دەربڕینی کوردانی دانیشتووی فەڕەنسا لە ڕۆژی شەممە و برینداربوونی زیاتر لە ٣٠ ئەفسەری کرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئێران پرێس، «کەنعانی» لە کاردانەوە بە تێکهەڵچوونەکانی پاریس، وێڕای هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان ، وتیشی:

کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر نیگەرانە لە مەترسی خستنە سەر ژیانی خەڵک بەتایبەتی موسڵمانان، کەمینەکان و کۆچبەران و هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی دان بەخۆداگرتنی پۆلیسی فەرەنسا دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆبوونەوەی ئاشتیانەی ناڕازییاندا.

«کەنعانی» بە سەرنجدانی پێشینەی سیاسیی حکومەتی فەرەنسا لە گرتنەبەری سیاسەتی جیاکاری بەرامبەر کەمینەکان و کۆچبەران و هەروەها مامەڵەی توندوتیژ لەگەڵ خۆپیشاندەران، وتیشی: لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە سەبارەت بە ڕووداوەکەی پاریس دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە.

سەرپەیڤ